"پێش جەژن مووچەی زۆربەی وەزارەتەکان دابەش دەکرێت"

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی هەرێم دەوایین زانیاری لەبارەی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران ئاشکرا دەکات و دەڵێت" هەوڵەکان بەو ئاراستەیەن پێش جەژن مووچەی زۆربەی وەزارەتەکان دابەش بکرێت". 

ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە (ئێن ئاڕ تی) راگەیاند" لە ماوەی شەش رۆژی رابردوودا وەزارەت دەستی کردووە بە کۆکردنەوەی داهات بۆ مووچەی مانگی شەش، هەموو هەوڵەکان بە ئاراستەی ئەوەن مووچەی زۆربەی وەزارەتەکان پێش جەژن دابەش بکرێن". 
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا زیاتر لە (٥٠٠) ملیار دینار لەبەردەستدا هەیە و بەپێی ئەو پلانەی وەزارەت دایناوە بۆ مووچەی مانگی شەش گرفتی پارە نابێت و مووچە بێ هیچ کێشەیەک خەرج دەکرێت. 

وتیشی" وەزارەت بەردەوامە لە کۆکردنەوەی داهات بە مەبەستی تەواوکردنی مووچەی مانگی شەش و ئەو پارەیەش کۆدەکرێتەوە تەنها بۆ مووچەی مانگی شەشە، چونکە مووچەی مانگی پێنج پێش دەستکردن بە دابەشکردنی پارەی تەواوی بۆ تەرخانکراوە". 

لە ئێستادا مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران دابەش دەکرێت، ئەمڕۆش مووچەی هەریەک لە وەزارەتەکانی (پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو) دابەش کرا. 


PM:08:42:16/06/2022