پەرلەمانتارانی جێگرەوەی سەدر سوێندی یاساییان خوارد

لە دانیشتنی نائاسای ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، ٦٤ پەرلەمانتاری نوێ سوێندی یاساییان خوارد، و لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ کۆبوونەوەینائاسای  پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو لە کۆبوونەوەکەدا  بەشداربووان راگەیێندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە و جەخت لەسەر هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی و دەرکردنی یاسای نەوت کرایەوە.
پەرلەمانتارە جێگرەوەکان لە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی فراکسیۆنی سەدر، سوێندی یاساییان خوارد و لایەنە بەشداربووەکانی کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان خوێندەوە و دواتر کۆبوونەوەی پەرلەمان کۆتاییهات.
بەرنامەی کار لە دوو بڕگە پێکهاتبوو، یەکەم: تەواوکردنی هەموارکردنی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان؛ دووەم: سوێندخواردنی یاسایی پەرلەمانتاران.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ناوی ئەوانەی خوێندەوە، کە شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی رەوتی سەدر دەگرنەوە، دواتر سوێندی یاساییان خوارد.

لە کۆی ٧٣ پەرلەمانتار کە پێویست بوو سوێندی یاسایی بخۆن، بۆئەوەی وەکو پەرلەمانتار دەستبەکار بن و شوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی فراکسیۆنی سەدری بگرنەوە، ٦٤ یان ئامادەبوون و سوێندیان خوارد و ٩ی دیکە ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون؛ ئەمەش بەپێی ئەوەی فەرمانگەی میدیایی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردووەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێستا پەرلەمان لە پشووی هاوینەی یاسادانانی خۆیەتی، بەڵام کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان  ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، دوای سوێندخواردنی یاسایی پەرلەمانتاران، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەکەی کۆتایی پێهێنا.


PM:03:48:23/06/2022