وەزارەتی پێشمەرگە: ئەڵمانیا رۆڵی گرنگ لە یەكخستنەوەی هێزەكان بینیوە


بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، راوێژكارانی باڵای سەربازی ئەڵمانیا رۆڵێكی گرنگیان لە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بینیوە.

وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی دووشەممە ٤-٧-٢٠٢٢ راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاندووە، لیوا روكن بەختیار محەمەد سدیق، ئەمینداری گشتی وەزارەت لەگەڵ كۆلۆنێڵ (یان) بەرپرسی تیمی راوێژكارانی باڵای سەربازی ئەڵمانیا لەهەرێم لەبارەی پرسی رێكخستنەوە و یەكخستنەوەی هێزەكان، بەردەوامیدان بەمەشق و راهێنانەكان كۆبوونەوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە لیوا روكن بەختیار، ستایشی هەوڵ و هەنگاوەكانی (د.كای) كرد، كە رۆڵی گرنگ و كارای هەبووە لە پێشخستنی پڕۆسەی چاكسازی وەزارەتی پێشمەرگە و بەرزكردنەوەی توانستی سەربازی لەناو یەكە و دامەزراوەكانی پێشمەرگەدا.

هەروەها وتویەتی "لەرێگەی هاوكاری و ئەزموونەكانی ئەڵمانیا و راوێژكارانی دیكەی وڵاتانی هاوپەیمانان، هێزی پێشمەرگە بەرەو قۆناغێكی باشتر و گەشەسەندوتر هەنگاوی ناوە".



AM:12:38:05/07/2022