دوو مێرمنداڵ لەسەر دزیکردن دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، ئاشکرایکرد، لە قەزای حاجیاوا، دوو مێردمنداڵ دەستگیركران كە لە رۆژی عارفەی جەژنی قورباندا هەڵیانكوتاوەتە سەر دوكانێك و دزیان کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین لەڕاگەیانراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی ئێوارەی 8ی ئەم مانگە، هێزەكانی پۆلیس لە بنكەی پۆلیسی ماكۆك ئاگاداركرانەوە لە بونی ڕوداوێكی دزیكردن لە دوكانێك لە گەڕەكی شیار، دەستبەجێ مەفرەزەكان گەیشتنە شوێنی ڕوداوەكە.

خاوەنی دوکانە کە دەڵێت "دوو كەس هەڵیانكوتاوەتەسەر دوكانەكەم و بڕێك پارەو هەندێك ئەشیای ناو دوكانەكەیان دزیوە و هەڵاتون، دواتر لە لایەن پۆلیس قزاكەوە دەستگیركران".

پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بە ئەوەشكردوە، پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ روداوەكە ڕێكخرا و بڕیاری دادوەر بەدەستهات، دوای لێكۆڵینەوە و بە دواداچونی ورد بە سود وەرگرتن لە كامێرای چاودێری زانیاری پێویست بە دەستهات، توانرا لە ماوەیەكی كەمدا لە لایەن مەفرەزەكانمان لە بنكەی پۆلیسی ماكۆك بە هاوكاری بنكەی پۆلیسی بێتواتە دو تۆمەتبار بە ناوەكانی (ڕ، و، م) لە ڕەگەزی نێر تەمەن 18 و هەروەها (خ، و، م) لە ڕەگەزی نێر تەمەن 12 ساڵ دەستگیربكرێن.

لە ڕاگەیانراوەكەدا باسی ئەوەشکراوە، دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا لەبەردەم پۆلیس و دادوەر دانیان نا بەتاوانەكانیاندا، دادوەر بڕیاریدا بە ڕاگرتنی تۆمەتباران بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی.

 



AM:10:03:10/07/2022