كۆبوونەوەی سێ سەرۆك لە تاران بەڕێوە دەچێت


بڕیارە هەفتەی داهاتوو لەشاری تارانی پایتەختی ئێران، كۆبوونەوەی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆكی ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بەڕێوە بچێت.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری دیمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی كۆشكی كرێملینی روسیا بڵاویكردەوە، ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆك كۆماری ڕوسیا ڕۆژی ١٩ی ئەم مانگە سەردانی ئێران دەكات و هەمان رۆژ لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە تاران كۆببنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "بارودۆخی سوریا تەوەری سەرەكی وتووێژەكانی نێوان سەرۆكەكانی ئێران، ڕووسیا و توركیا دەبێت، هەر سێ وڵات ڕۆڵێكی گرنگیان هەیە لە شەڕی سوریادا".

جێی ئاماژەیە لە سەرەتای شەڕی ڕوسیا و ئۆكرانیا، ئەمە دووەمجارە پوتین گەشت بۆ دەرەوەی وڵات ئەنجام بدات. 



PM:10:02:12/07/2022