"ئەرشەد ساڵحی بێ ڕێزی بە شەهیدانی (١٩٦٣)ی کورد دەکات"

ئەسعەد جەباری ڕەخنە لە لێدوانێکی ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی، کە سەر بە تورکیایە دەگرێت و دەڵێت" ئەرشەد ساڵحی  بێ ڕێزی بە شەهیدانی (١٩٦٣) لە کەرکوک کردووە". 

ئەسعەد جەباری نوسەر و میدیاکار لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند" ئێوارەی دوێنێ لە کەناڵی العراقیە بەشی تورکمانی، پەرلەمانتارو سەرۆکی پێشووی بەرەی تورکمانی ئەرشەد ساڵەحی، بێ ڕێزیەکی هێجگار زۆری بە شەهیدانی ١٩٦٣ی شاری کەرکوکی کرد، هەر ٢٩ شەهیدە کوردە لە سێدارەدراوەکەی ١٩٦٣ی بەتاونبار و موجرم لەقەڵەمدا!، نەک جارێ سێ بۆ چوارجار پێی ووتن ئەوانە موجرمن!، تەنانەت وتی: ئێمە نەمانهێشتووە لە (موئسەسەی شوهەداءی عێراق) ناوی ئەوانە بە شەهید بنوسرێ و ئیمتیازی شەهیدانە وەربگرن، هەروەها وتی: هەرگیز ناهێڵین ناوی ئەو ٢٩ کەسە بەشەهید ناو ببرێ بەڕەسمی". 
ئەسعەد جەباری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەشی وت گوایە بیستوویانە لە وەزارەتی شەهیدانی هەرێمی کوردستان مووچە و ئیمتیازیان بۆ بڕاوەتەوە، وتی: شکات دەکەین و لەوێش ناهێڵین ئەو ئیمتیازەیان هەبێ ئەو ٢٩ کەسە". 

وتیشی" ئەم ئەرشەدە لە کەناڵێکی حکومییەوە (العراقیە)، زۆر زۆر سوکایەتی بە کەرکوک و شەهیدانی کوردی لە سێدارەدراوی ١٩٦٣ کرد، هەقە هیچ نەبێ ئەندام پەرلەمانەکانی کەرکوک وەڵامی بدەنەوە هاوشێوەی ئەو لە کەناڵی (العراقیە) و نەهێڵن جارێکیتر ئاوها سوکایەتی بە خەڵکی کەرکوک بکات و ئەو هەموو درۆیە ڕیز بکات لە مەڕ ڕووداوەکانی ١٩٥٩ی کەرکوک، کە هیچی دەستی کوردی تیا نەبووە". 

ئەوەشی خستەڕوو، هەقە حزبەکانی کوردستان لە کەرکوک وەڵامی بدەنەوە بۆ ئەوەی جارێکیتر زاتی ئەوە نەکات سوکایەتی بە شەهیدانی کورد بکات، بە تایبەتی شەهیدانی لە سێدارەدراوی ١٩٦٣ی کەرکوک، شێخ مارف و هاوەڵەکانی. 


AM:09:58:16/07/2022