بارەگای بارزانی: شەهید و برینداركردنی هاوڵاتیانی سڤیل و بێتاوان تاوانە و قابیلی قبوڵ نییە


بارەگای بارزانی رایدەگەیەنێت "شەهید و برینداركردنی هاووڵاتیانی سڤیل و بێتاوان لە لایەن هەر هێز و لایەنێك بێت و لەژێر هەر بیانوو و پاساوێكدا بێت، تاوانە و قابیلی قبووڵ نییە".

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بە داخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ بەپێی ئەو زانیارییانەی كە گەییشتوون، بەهۆی تۆپبارانكردنی هێزەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەی گەشتیاریی پەرەخێ لە سنووری زاخۆ ژمارەیەك هاووڵاتیی بێتاوان شەهید و ژمارەیەكی تریش بریندار بوون. وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە دەكەین، سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین".

بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەكردوە "ڕایدەگەیەنین شەهید و برینداركردنی هاووڵاتیانی سڤیل و بێتاوان لەلایەن هەر هێز و لایەنێك بێت و لەژێر هەر بیانوو و پاساوێكدا بێت، تاوانە و قابیلی قبووڵ نییە".

هەروەها وتویەتی "پێویستە سنوورێك دابنرێت كە ڕووداوی هاوشێوە دووبارە نەبنەوە و چیتر هاووڵاتیانی ئێمە نەبنە قوربانیی ململانێی و شەڕی نێوان هێز و لایەنی تر. كاتی ئەوە هاتووە كە حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی بە هەماهەنگی لەگەڵ یەكتر چارەسەرێكی جددی و بنەڕەتی بۆ ئەو هۆكارانە بدۆزنەوە كە دەبنە هۆی ڕوودانی ئەم تاوان و كارەساتانە". 

ئەمڕۆ ھاوینەھەواری پەرەخێ لە سنووری دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لەلایەن ھێزەكانی توركیاوە تۆپباران كرا كە بووە ھۆی كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك گەشتیار.



PM:08:56:20/07/2022