لەسەر نوسینی کتێب مامۆستایەکی زانکۆ لەلایەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانییەوە سزا دەدرێت

پسپۆڕێکی یاسایی و مامۆستای زانکۆ لەسەر نوسینی کتێبێک لەلایەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانییەوە سزا درا و دەڵێت" مامۆستا ھەیە لە کۆلێجی یاسادا، تاوانی تەزویر و فێڵی کردووە، کە سزاکەی دەرکردنە یان گواستنەوەیە، بەڵام لەبەرئەوەی حیزبییە سوپاس کراوە و ئیمتیازی پێدراوە". 

د.ئیسماعیل نامیق ڕێكخه‌رى پێشووى ژوورى یاسایی بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان‌ و یاساناس‌ و مامۆستای زانكۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بە ناونیشانی (ئەمەیە پاداشتی نووسینی کتێب؟!) ڕایگەیاند" لە ساڵی (٢٠١٨)دا کتێبێکم نووسی، بە حساب خزمەتی میللەتەکەم و کۆمەڵگەکەمی پێبکەم، کەچی ئەمە پاداشتی کتێبەکەمە، تاوانەکەم ھەر ئەوەیە ووتم کوا چارەنووسی کتێبەکەم؟ چونکە تا ئێستا چارەنووسەکەی دیار نیە! لە مانگی پێنجی ساڵی (٢٠٢١)ەوە سەرۆکی زانکۆ و سەرۆکی لیژنەی دانانی کتێب ووتیان: ناردوومانە بۆ ھەڵسەنگاندن، لەو کاتەوە تا ئێستا بە نوسراو و بە سەردان و بە تەلەفۆنیش داوا ئەکەم چی بەسەر ھات، ھەتا ئێستاش نازانم لە ھەڵسەنگاندن گەڕاوەتەوە یان نا؟!". 
ئەەشی خستەڕوو، ھەموو ئەو لیژنانەی بۆ ئەم مەبەستە دروستکران، ھیچیان ئامادە نەبوون گوێم لێبگرن، بە نوسراو و بە قسەش داوام لێکردوون کوا چارەنووسی کتێبەکەم؟ ھیچیان وەڵامم نادەنەوە!، ئەمەیە پاداشتی پڕۆفیسۆرێک کە ویستوویەتی خزمەتێک بکات؟، لەکاتێکدا مامۆستا ھەیە ھەر لە کۆلێجی یاسادا، تاوانی تەزویر و فێڵی کردووە، ھەیە سەرپێچی گەورەی کردووە، کەسزاکەی دەرکردنە یان گواستنەوەیە، بەڵام لەبەرئەوەی حیزبییە سوپاس کراوە و ئیمتیازی پێدراوە. 

ئاماژەی بەوەشکردووە، خەڵکێکی بەرژەوەندیخواز بەناوی یەکێتییەوە لە ساڵی (١٩٩٩)ەوە من سزا ئەدەن یان ئیزعاج ئەکەن، دوا جار خۆیان ئەبن بە پارتی یان پێشتر ئەبوون بە گۆڕان! تەحەمولی ھەموو ئازارێکم کردووە و ئەشی کەم، ھیچ کات ئامادە نیم لە پرەنسیپەکانی خۆم لابدەم.

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا ئیسماعیل نامیق جەختیش دەکاتەوە، ھەموو رێگە یاسایی و مەدەنییەکانیش ئەگرمە بەر، بۆ بەرگریکردن لە مافی خۆم و ریسواکردنی بەرژەوەندیخوازان.


PM:02:18:31/07/2022