کچێکی تەمەن (١٧) ساڵ لە کوشتن رزگار کرا و براکەى دەستگیرکرا

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" کچێکى تەمەن (١٧) ساڵان لە هەوڵێکی کوشتن رزگارکرا و براکەى بە تۆمەتى هەڕەشەکردن لێی و ئەشکەنجەدانى دەستگیرکرا". 

بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند" کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی رۆژی هەینی ڕابردوو لەلایەن ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکەنەوە پەیوەندیکرا بە نوسینگەی رۆژهەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییەکەمانەوە و ئاگادارکرانەوە لەوەی ئافرەتێک لە گەڕەکێکی شاری سلێمانی ژیانی لە مەترسیدایە".

ماڵپەڕی (سپی) لە تێلیگرام جۆین بکە

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەو مەبەستە بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی فریاکەوتن مەفرەزەیەک لە ئەفسەر و کارمەندانی نوسینگەی رۆژهەڵات پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا لە کەمترین کاتدا کچێکی تەمەن (١٧) ساڵ لەدەستی برا تەمەن (٢١) ساڵەکەی رزگار بکرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" کچەکە ئاسەواری ئەشکەنجە و لێدان لەسەر جەستەی دیاربوو، هەروەها براکەی هەڕەشەی کوشتنی لێکردبوو، دواتر بە فەرمانی دادوەر برای کچەکە دەستگیرکرا و بەپێی ماددەی حەوتی خێزانی راگیرا، هاوکات پاش ئەوەی سکاڵای لەسەر براکەی تۆمارکرد کچەکەش رەوانەی خانەی کچان کرا". 


PM:01:57:03/08/2022