بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کۆڵبەرێکی تەمەن (١٨) ساڵ دەکوژرێت

لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کۆڵبەرێکی تەمەن (١٨) ساڵ بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا و کۆڵبەرێکی دیکەش برینداربوو.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو، ھێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە سنووری شێخ سڵە لە پارێزگای کرماشان تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەرکردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێکی خەڵکی (سەلاسی باوەجانی) سەر بە شاری کرماشان بە ناوی (محەمەد نادری) تەمەن (١٨) ساڵ کوژرا. 

بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی هەنگاو، محەمەد نادری لە کاتی کوشتنیدا هیچ کاڵایەکی پێنەبووە، لە ئێستاشدا تەرمەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی شوهدا لە شاری سەرپێڵی زەهاوکراوە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە گوندی ھەنگەژاڵی سەر بە شاری بانە کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی (عەبدوڵڵا حەجەری) تەمەن (٢٥) ساڵ بە تەقەی ھێزە ئەمنییەکان بریندارکراوە، بەھۆی سەختی برینەکەی رەوانەی شاری تەبرێز کراوە. 

حاڵەتەکانی تەقەکردن لە سنورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆڵبەران زیادیانکردووە، لە مانگی رابردوودا (٣٧) کۆڵبەر و کاسبکار لە بە تەقە ھێزە ئەمنییەکان بوونەتە قوربانی.


PM:12:16:13/08/2022