بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کۆڵبەرێک دەکوژرێت

كۆڵبەرێكی خەڵكی بانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران كوژرا. 

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، كۆڵبەرێكی كورد بە ناوی (ڕێبوار ڕەشیدی)ی تەمەن (٣٠) ساڵ، ئەمڕۆ هەینی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی جێگیر لە بنکەی حەوت تاش لە سنووری بڕوێشکانێ کوژرا.

قوربانییەكە خەڵکی گوندی قوڵیاوا-ی سەر بە شاری بانە-یە، باوکی دوو منداڵ بووە و خێزانەکەشی دووگیانە.

بەپێی ئامارێکی ڕێكخراوەكە، لە ماوەی (٣٥) ڕۆژی ڕابردوودا لانیکەم پێنج کۆڵبەر و کاسبکار لە سنووری بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژراون.


PM:06:59:26/08/2022