وێنە.. هەڵگرتنی سەرێكی بڕدراو لەلایەن منداڵێكی داعش

‌خالید شروف و منداڵەکەی
زۆربەی رۆژنامەكانی ئوسترالیا ئەمرۆ دوشەممە چەندین وێنەی منداڵێكی تەمەن 7 ساڵی ئوسترالییان بڵاوكردەوە كە سەرێكی بڕدراوی هەڵگرتووە.

لەو وێنەیەكدا كە رێژەی دڕەندیی داعش نیشان دەدات‌و ئەمرۆ رای گشتی ئوسترالیای هەژاند، منداڵێكی تەمەن 7 ساڵان یارمەتی باوكی (خالید شروف) دەكات ‌و سەری بڕدراوی قوربانییەكی بۆ هەڵدەگرێت.

خالید شروف وێنەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكردوەتەوە‌و بەشانازییەوە لەژێر وێنەكەدا نوسیویەتی "ئەمە كوڕی منە".
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەكانی ئوسترالیا، رووداوەكە لە شاری رەقعە لە باكوری سوریا لەلایەن باوكی ئەو منداڵەوە روویداوە.

بەپێی راپۆرتەی رۆژنامەكانی ئوسترالیا، ئەم تیرۆریستە لە نزیك شاری سیدنی ئەو وڵاتە لەدایكبووە‌و بۆ سەردانكردنی سوریا پاسپۆرتی براكەی بەكارهێناوە‌و لەگەڵ هاوسەر‌و سێ منداڵەكەی بەرەو سوریا رۆیشتوون‌و لەناو گروپی داعش دان.

پاش بڵابوونەوەی ئەم وێنەیە "تۆنی ئەبۆت" سەرۆك وەزیرانی ئوسترالیا وتی: ئەم وێنەیە نمونەیەكی زیاتر لە ئاستی دڕەندیی گروپی داعش.

پۆلیسی ئۆسترالیا مانگێك لەوەپێش فەرمانی دەستگیركردنی شروف‌و تیرۆریستێكی دیكەیان دەركرد كە ئێستا لەبەرەكانی داعشدا شەڕ دەكەن.









PM:05:37:11/08/2014