ئاسایشی سلێمانی هاوڵاتییەک بە تاوانی کوشتنی باوكی دەستگیردەکات

ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی بە تۆمەتی کوشتنی باوکی لە کاتی خەودا ڕاگەیاند، کە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی ناوە بە تاوانەکەیدا.

لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند" لە رێکەوتی ١٣ی ئەیلول کاتژمێر (٣:٣٠) خولەکی شەو هاوڵاتییەک کە لەدایکبووی ساڵی (١٩٧٤) بوو لە گوندی بنگردی قەزای چەمچەماڵ لە ماڵەکەی خۆیدا دەکوژرێت، پاش ئاگادارکردنەوەی هێزە ئەمنییەکانی پەیوەندیدار بەو رووداوە هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستیان بە کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بە دواداچوونکرد لەوبارەیەوە، سەرەنجام پاش وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوە تۆمەتبار (ر ، م ، س) کە تۆمەتبارە بە کوشتنی باوکی لە رۆژی ١٤ی ئەیلول لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستگیرکرا". 

ئەوەش هاتووە" لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوانەکەیدا ناو وتی کاتژمێر (٣:٣٠) خولەکی شەوی١٣ لەسەر ١٤ی ئەیلول بە دەمانچەیەک لە کاتی خەودا هەستام بە کوشتنی باوکم و پاشان ئاگاداری هێزە ئەمنییەکانمان کرد کە باوکم کوژراوە، وتیشی ئەو دەمانچەیەی باوکمم پێکوشت لەگەڵ چەکێکی دیکە لە جۆری کڵاشینکۆڤ پاش رووداوەکە بردم لە وەردێک لە گوندەکەی خۆمان شاردمەوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەسەر بڕیاری دادوەر هەردوو چەکەکەش لە لایەن هێزەکانمانەوە دەستیبەسەردا گیرا، سەبارەت بە هۆکاری کوشتنەکە بکوژەکە روونیکردەوە کە لەسەر کێشەی خێزانی پەیوەندیدار بە خێزانەکەی خۆیان کوشتوێتی. 

باس لەوەشکراوە، لە ئێستادا بکوژەکە بە بڕیاری دادوەر بەپێی مادەی (٤٠٦) لە یاسای سزادان راگیراوە و دۆسێی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بەردەوامە. 


PM:08:10:15/09/2022