سەرکردایەتی یەکێتی بڕیار دەدات وەڵامی ئەو هەموو ناهەقییانە بداتەوە کە ماوەیەکە لە ڕێی چەند کتێبێکی " چەواشەکارانەوە دەرهەق بەخەباتی مێژوویی یەکێتی دەکرێت".
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە سلێمانی سازکرا بڕیاری دا" بۆ پارێزگاریکردن لە ڕەوتی ئەو مێژووە لە هەر شێواندن و چەواشەکارییەک، لە رێی بەڵگە و دیکۆمێنتی پشتڕاستکراوە وە داکۆکی لەو مێژووەو سەروەرییەکانی بکرێت، بەتایبەتی وەڵامی ئەو هەموو ناهەقییانە بدرێنەوە کە ماوەیەکە لە ڕێی چەند کتێبێکی چەواشەکارانەوە دەرهەق بەخەباتی مێژوویی یەکێتیی و سەرکردەکانی کراون و مێژووی گەلەکەمان و ڕەمزەکانی بەلاڕێدا دەبەن" .( لە راگەیاندنەکەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەو کتێبانە نەکراوە).
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حیزبەکەش ئامادەبووە، تەرخانکرا بوو بۆ کاروباری ڕێکخراوەیی مەکتەب و ئۆرگانەکانی یەکێتیی، وەک لە راگەیاندنە کورتەکەی کۆبوونەوەکەدا هاتووە بڕیاردراوە ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر.