عێراق سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئاگادار دەکاتەوە نەوتی هەرێم نەکڕن

بەڕێوبەری کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایدەگەیەنێت" سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە نەوتی خاو لە ھەرێم نەکڕن".

عەلا یاسری، بەڕێوبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند" سەرجەم ئەو گرێبەستانەی حکومەتی ھەرێم لە بواری دەرھێنان و ھەناردەکردنی نەوتی خاو ئەنجامیداوە بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵی ھەڵوەشێنراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوت دەستیکردووە بە پەرەپێدانی میکانیزمێک، بەمەبەستی گواستنەوەی تەواوی مەلەفەکە بۆ حکومەتی فیدراڵی، بەڵام ئەو بابەتە لەلایەن حکومەتی ھەرێمەوە پێشوازی لێنەکرا.

لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا یاسری جەختیشیکردەوە، رێوشوێنی تەواو گیراوەتە بەر و سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ئاگادارکراونەتەوە، کە نەوتی خاو لە ھەرێم نەکڕن.

وتیشی" حكومەتی هەرێم نەوت بە نرخێكی كەمتر لە حكومەتی ناوەندی دەفرۆشێت، هەروەها بەپێی ئەو هەواڵانەی كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردۆتەوە، هەرێم نەوت (١٦ بۆ ٢٠) دۆلار کەمتر دەفرۆشێت، سەرەڕای ئەوەی لە هەمان ناوچە و بە هەمان کوالێتی دەردەهێنرێت". 


PM:12:33:20/09/2022