پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پشکی کورد لە وەزارەتەکان ناکۆکن

پارتی و یەکێتی لەسەر ژمارەی ئەو کورسیانەی کە لە کابینەکەی سودانی وەریدەگرن، ناکۆکن هەرچی پارتییە و داوا دەکات ٣ وەزارەتی پێبدرێت، یەکێتیش جەخت دەکاتەوە ٢ وەزارەتی پێبدرێت، لە کاتێکدا پشکی کورد چوار وەزارەتە.

كاروان علی یاروەیس ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند " پشکی کورد لە کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی چوار وەزارەتە و دوو وەزارەتی بەر یەکێتی دەکەوێت".

ئەمڕۆش عارف تەیفور ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە میدیای حیزبەکەی راگەیاند کە لەو چوار وەزارەتەی بەر کورد دەکەوێت سیانی بۆ پارتییە و وەزارەتێکیشی بۆ یەکێتی.

لە کابینەکانی پێشوودا پۆستی سەرۆک کۆمار و وەزارەتێکی سیادی دەدرا بە یەکێتی، سێ وەزارەت کە یەکێکیان جێگری سەرۆک وەزیران و وەزارەتێکی سیادی بوو لەگەڵ سێ وەزارەتی تر دەدران بە پارتی، بەڵام ئەمجارە لە لایەکەوە گلەیی لە پشکی کورد هەیە بە بەراود بە سونە و شیعە و پێیانوایە دەبێت ٥ وەزارەت پشکی کورد بێت، لەلایەکی تریشەوە یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو چوار وەزارەتە کێشەیانە.

لە هەڵبژاردنی ٢٠٢١ ی پەرلەمانی عێراق، پارتی توانی ٣١ کورسی بە دەستبهێنێت، هەرچی یەکێتی یە توانی ١٧ کورسی بە دەستبهێنیت.



PM:09:01:21/10/2022