گەنجێک کە لەگەڵ خوشک‌و برایەکی ڕفێندرابوو، کوژرا


گەنجێکی خەڵکی شاری سنە بەناوی ( ڕامین فاتیحی) خەڵکی سنە کە ١٠ ڕۆژ لەمەوبەر لەگەڵ خوشک و براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شار سنە ڕفێندرابوون، دواتر لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستداوە.  
  
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو  دوێنێ هەینی، ناوەندە ئەمنییەکان هەواڵی گیان لەدەستدانی ڕامینیان بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە.  
  
ئەو رێکخراوە دەڵێت "یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەو خێزانە، ڕایگەیاندووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ڕامین لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە، بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان بە کەسوکارەکەیان وتووە کە کوڕەکەیان لە بەندی تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات خۆی کوشتووە.

ئەمڕۆ شەممە، مەراسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی ڕامین فاتیحی بەڕێوەچوو.   
  
بەگوێرەی ڕێکخراوە مرۆییەکانی ئێران، ڕامین لەگەڵ برایەکی و خوشکێکی بەناوەکانی وریا و ڕادا، لە ١٤ی ئەم مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوون، لەدوای گیان لەدەستدانی ڕامین، چارەنوسی خوشک و براکەشی نادیارە.



PM:08:43:22/10/2022