كۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ حیزبەكان (بەبێ پارتی) دواخرا


هەرچەندە  بڕیاربوو سبەینێ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ كەسی یەكەمی حیزبەكان كۆبێتەوە (بەبێ پارتی) كۆببێتەوە، بەڵام ئەو كۆبوونەوەیە دواخرا.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ماڵپەڕی " سپی " راگەیاند، بڕیار بوو سبەینێ  پێنج شەممە  لە هاوینەهەواری دوكان بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵ و سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتوو و بەڵێن عەبدوڵا سكرتێری زەحمەتكێشان و كاوە مەحمود سكرتێری حیزبی شیوعی و عومەری سەید عەلی رێكخەری گۆڕان و  محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری سۆسیالیست، كۆببێتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكان، بەهۆی سەفەرێكی بافڵ تاڵەبانیەوە ئەو كۆبوونەوەیە دواخرا.

بەپێی زانیارییەكانی " سپی " بانگهێشتی پارتی بۆ ئەو كۆبوونەوەیە نەكراوە، هەرچی نەوەی نوێشە وەك ماوەكانی رابردوو لە كۆبوونەوەی لەو شێوەیەدا بەشداری ناكەن.

ئەم كۆبوونەوەیە بۆ درێژەدانە بەو كۆبوونەوانەی دوو هەفتە لەمەوبەر كە وەفدێكی باڵای یەكێتی بە جیا سەردانی ئەم حیزبانەی كرد. ئامانجی كۆبوونەوەی رۆژی پێج شەممەش بۆ راكێشانی سۆزی ئەو حیزبانەیە بۆ لای خۆیان لە كاتێكدا ناكۆكی نێوان پارتی و یەكێتی گەیشتۆتە لوتكە. ئەو ناكۆكیانەش لە دۆسیەی " تیرۆركرردنی" هاوكار جاف لە نێوان ئەو حیزبە و یەكێتیدا تەقیەوە كە لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان پەنجەی تۆمەت بۆ سەركردەكانی یەكێتی رادەكێشرێت.



AM:10:02:09/11/2022