کۆمپانیای فەیسبوک ١١ هەزار کارمەند لە کارەکانیان دووردەخاتەوە

کۆمپانیای مێتای خاوەنی فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسئەپ ئەمڕۆ چوارشەممە دورخستنەوەی زیاتر لە ١١ هەزار کارمەندی لە کارەکانیان ڕاگەیاند، کە دەکاتە ١٣%ی کۆی گشتی کارمەندەکانی.  

مارک زوکەربێرگ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە پۆستێکدا بۆ کارمەندانی نووسیویەتی" ئەمڕۆ هەندێک لە قورسترین گۆڕانکارییەکانتان لەگەڵدا باس دەکەم کە لە مێژووی مێتادا کردوومانە، بڕیارم داوە قەبارەی تیمەکەمان بە ڕێژەی نزیکەی ١٣% کەم بکەمەوە و زیاتر لە (١١) هەزار کارمەندی بەتوانامان بڕۆن". 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی" کۆمەڵێک هەنگاوی زیادە دەنێین بۆ ئەوەی ببینە کۆمپانیایەکی چالاکی و کاراتر، لە ڕێگەی کەمکردنەوەی خەرجییە ئیختیارییەکان و درێژکردنەوەی بەستنی دامەزراندنمان تا چارەکی یەکەمی ساڵی (٢٠٢٣)". 

مارک لە کۆتای بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد" دەمەوێت بەرپرسیارێتی ئەم بڕیارانە و چۆن گەیشتینە ئەم قۆناغە لە ئەستۆ بگرم. دەزانم کە ئەمە بۆ هەمووان قورسە، و بە تایبەتی داوای لێبوردن لەو کەسانە دەکەم کە زیانیان بەرکەوتووە". 

بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای فەیسبوک تا مانگی ئەیلولی ئەمساڵ، ژمارەی کارمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک زیاتر (٨٧) هەزار فەرمانبەر بووە. 

پێشتریش ئیلۆن ماسك خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڕیاری دا بە دەرکردنی نیوەی کارمەندەکانی.  


PM:03:59:09/11/2022