"مۆڵەتمان بە هیچ کۆمپانیایەک نەداوە بۆ دانانی سیستەمی گەرمکەرەوەی غاز"

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕەتی دەکاتەوە مۆڵەتی دانانی سیستەمی گەرمکەرەوەی غازی دابێت بە هیچ کۆمپانیایەک.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەزارەتەکە سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی دوو تەقینەوەکەی سلێمانی و دهۆک دەکات و دەشڵێت" هیچ مۆڵەتێکی بۆ دانانی سیستەمی گەرمکەرەوەی غازی ماڵان و کارگەکان و شوێنە تایبەتەکان بە هیچ کۆمپانیایەک نەداوە، کە بە دەر لە رێنمای ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ وەزارەتی ناوخۆ بێت". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە" هەر مۆڵەتێک لە هەر شوێنێک بدرێت بێ ئاگاداری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانە". 

سامانە سروشتییەکان داوا لە هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان دەکات خۆیان لە بەکارهێنانی سیستەمی غاز بە دوور بگرن بۆ ئەوەی بتوانرێت کاری پێویست لە ڕێگەی لیژنە تایبەتەکانەوە ئەنجام بدرێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی بەکارهێنانی.


PM:03:46:23/11/2022