بەڵگە.. بانکی ناوەندی عێراق بۆ کەمکردنەوەی بەهای دۆلار ڕێکارێکی دیکە دەگرێتەبەر

بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریدا سبەینێ دووشەممە فرۆشی هەفتانەی دۆلاری ئەمریکی لە زیادکردنی ئاشکرای دراودا زیاد بکات، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی نرخی دۆلار بۆ دۆخی پێشووی.

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە لەلایەن بانکەکەوە دەرچووە و ئاڕاستەی سەرجەم بانکەکان و کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی کردووە تێیدا هاتووە" بڕیاردرا پشکی هەفتانە بۆ فرۆشتنی نەختینەی بە دۆلار زیاد بکرێت، لە سبەینێ دووشەممە دەستپێدەکات". 

لە نوسراوەکەدا بانکی ناوەندی عێراق داهاتی کۆمپانیاکانی بەپێی پۆلێنکردنیان دیاریکردووە، کە کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی A هەفتانە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار وەردەگرن، کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراوی B هەفتانە ٧٥٠ هەزار دۆلار وەردەگرن، پشکی کۆمپانیای c ٨٠ هەزار دۆلار وەردەگرن، هەروەها بانکەکان هەفتانە ٢٠٠ هەزار دۆلار وەردەگرن.

بڕیارەکەی بانکی ناوەندی له‌كاتێكدایه‌، دواینیوەڕۆی ئه‌مرۆ یه‌كشه‌ممه‌ به‌های دۆلار له‌ بازاڕه‌كانی ئاڵوگۆڕی دراو بەرزترین ئاستی لە ماوەی ئەمساڵدا تۆمار کرد کە نرخی ١٠٠ دۆلار گه‌یشته‌ ١٥٠ هەزار دیناری عێراقی. 


PM:06:00:04/12/2022