سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی راژه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگەیاند " له به‌رنامەماندایه فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست و مامۆستایانی وانه‌بێژ بكرێنه هه‌میشه‌یی".
سیراج بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی راژه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا بۆ کوردستان24، وتی" هه‌ر له سه‌ره‌تای هێنانه‌كایه‌ی ئه‌نجوومه‌نی راژه، فشارێكی زۆرمان له‌باره‌ی دووباره رێكخستنه‌وه‌ی میلاكات و پێداچوونه‌وه به هه‌یكه‌له‌ی وه‌زاره‌ته‌كان، له‌سه‌ره".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی "سه‌ره‌تای كاره‌كانمان رێكخستنه‌وه‌ی میلاكاتی حكومه‌ته، كه له كارنامه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی بۆ كراوه، هه‌روه‌ها بڕیاردراوه په‌یكه‌ری حكومه‌ت بچووك بكرێته‌وه.
سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی راژه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه، له كوردستان ٢٨ هه‌زار فه‌رمانبه‌ری گرێبه‌ست هه‌ن، هه‌روه‌ها ٣٢ هه‌زار مامۆستای وانه‌بێژمان هه‌یه، وێڕای ئه‌وه‌ش ٣٦٥ هه‌زار فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی له كوردستان هه‌ن، نیوه‌ی فه‌رمانبه‌ری هه‌میشه‌یی له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ن.
له‌باره‌ی فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست و مامۆستایانی وانه‌بێژ، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی راژه وتی: "له به‌رنامه‌ماندایه فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست و مامۆستایانی وانه‌بێژ بكرێنه هه‌میشه‌یی، جیا له‌وه‌ش فه‌رمانبه‌ری دیكه‌ش وه‌ك یه‌ك پاكێج له پلاندایه دابمه‌زرێن، ئه‌مه له ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بوودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٣ پێوه‌ره‌كانی بۆ ده‌ستنیشان كراوه".