ئاژانسی باسنیوز وەڵامی ماڵپەڕی سپی میدیا دەداتەوە


ئەمشەو ١٩ ی کانوونی یەکەم ئاژانسی ماڵپەڕی باسنیوز وەڵامی ئەو روونکردنەوەیە دەداتەوە کە ئەمڕۆ ماڵپەڕی سپی میدیا بە ناونیشانی " جارێکی تر ماڵپەڕی باسنیوزی پاراستنی پارتی شەکری شکاند" بڵاویکردبووەوە، ئەو ئاژانسە دەڵێت" لە راستیدا ئەو میدیایەی كە دەبێ دابخرێت، ئەو میدیایەی كە هیچ شتێكی جوانی كوردستان نابینێت و كەیفیشی پێنایەت، ئەو میدیای كە سووكایەتی بە رۆشنبیرە گەورەكانی كوردستان دەكات، ئەو میدیایەی كە بەردەوام خەڵكی كوردستان هەمبەر بە خاك و نیبشتمان و زمان و كولتوور و مێژوو و شۆڕشەكانی، بێئومێد دەكات، ئەو میدیایەی كە هەرگیز دوو قسەی خێر بۆ كوردستان ناكات، ئەو میدیایەی كە دەبێ لە ئایندەدا دادگایی بكرێت، ئەوە (سپی میدیا) و ئەمسالەكانیەتی نەك (باسنیوز)".

لە روونکردنەوەکەی ئەمڕۆی ماڵپەڕی سپی میدیادا هاتووە" گەر  لێپرسراوانی پارتی بەرپرسانە مامەڵە بکەن دەبێت ئەو دەزگایەی ئێوە ( باسنیوز) دابخەن، چونکە ئێوە بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی تێکدانی پەیوەندی نێوان پارتی و حیزبەکانی تر، هەروەها ئێوە دڵی یەک رۆژنامەنووس و رۆشنبیری جدیتان بە پارتی یەوە نەهێشتووەو هەر رۆژەو پەلاماری حیزب و دەزگا رۆشبیری و میدیایی و فیگەرە رۆشنبیرەکانی کۆمەڵگای کوردی دەدەن.".

ئەمەی خوارەوە دەقی روونکردنەوەکەی ئاژانسی باسنیوزە کە لە ماڵپەڕی " سپی میدیا " بڵاودەکرێتەوە، هەروەها بۆ یارمەتی دانی خوێنەریش، سپی میدیا جارێکی دی روونکردنەوەکەی خۆی بڵاودەکاتەوە.

روونکردنەوەی ئاژانسی باسنیوز:
ماڵپەڕی (سپی میدیا) دەیەوێ رووی خۆی سپی بكاتەوە!

دوێنێ یەكشەممە ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز) لە هەواڵێكدا سوودی لە زانیارییەكی ماڵپەڕی (سپی میدیا)ی لۆكاڵیی كەمخوێنەری سلێمانی وەرگرتووە و وەك پابەندییەك بە ئاكاری رۆژنامەوانییانەوە، ئاماژەی بە ناوی ماڵپەڕەكە كردووە، كەچی ئەمڕۆ جەماعەتی (سپی میدیا) تەنیا لەبەرئەوەی نووسراوە (سپی میدیای نزیك لە یەكێتی) دەهری بوون و روونكردنەوەیەكی پڕ لە وشەی ناشیاو و ناشرینیان لە دژی (باسنیوز) بڵاو كردووەتەوە كە بە ناخێكی پیسی رقاوی و بیركردنەوەیەكی بۆگەن نووسراوە، ناخێك كە چاوی بە سەركەوتنەكانی (باسنیوز) هەڵنایەت، ناخێك كە درەوشانەوەی ناوی (باسنیوز) تووشی دەردەڕق و هیستریا و شێرپەنجەی دەروونیی كردووە.

رۆژانە دەیان جار، لەو ماڵپەڕە گومانبار و بێ دایك و باوك و سێبەرانەی ناوچەكانی بن دەستی یەكێتییەوە، زانیاری و هەواڵی (باسنیوز) وەردەگیرێت و هەریەكەیان بە پێناسەیەك ناومان دێنن: (باسنیوزی پارتی، باسنیوزی نزیك لە پارتی، باسنیوزی پاراستن، باسنیوزی فڵانە بەرپرس و فیسارە سەركردە... هتد) بەڵام ئێمە كاری خۆمان دەكەین و تەقەی سەرمان دێت! چونكە لەلایەكەوە ئەو پێناسانە بە (تۆمەتی خراپ و جنێو) نازانین و لە لایەكی تریشەوە ئێمە هەرگیز لە هیچ كات و شوێنێكدا، وەك (سپی میدیا) و ئەمسالەكانی، درۆی (ئەهلیبوون و بێلایەنبوون و سەربەخۆبوون)مان نەكردووە، ئەمە جیا لەوەی كە بەختەوەر و دڵخۆشین بەوەی هەواڵ و زانیارییەكانمان، هێندە راست و گرنگ، بوونەتە سەرچاوە بۆ پەیج و ماڵپەڕ و كەناڵ و میدیاكانی كوردستان و عێراق و جیهان.

لە راستیدا دەبێ (سپی میدیا) و ئەمسالەكانی دەستنوێژ بگرن ئنجا ناوی (باسنیوز) بهێنن، بە خۆشحاڵی و شانازییەوە، (باسنیوز) هەر بە بێدەنگی و بێ كەشوفش و هاتوهاوار و كەمپین و مێزگرد! ئەوە ١٢ ساڵ دەبێ یەكێكە لە ئاژانسە هەرە باوەڕپێكراو و پڕخوێنەرەكان و بە پێنج زمان و شێوەزاری كوردیی كرمانجییش، شەو و رۆژ خزمەتگوزاریی هەواڵ و زانیاری پێشكەش بە خوێنەرانی دەكات لە سەرانسەری دونیادا، كەم هەفتە هەیە هەواڵەكانی (باسنیوز) نەبنە مانشێتی رۆژنامە و كەناڵە موعتەبەرەكانی جیهان.

نووسەری روونكردنەوەكەی ماڵپەڕی (سپی میدیا) دەیەوێ بە ڕشتنی زوخاوی رەشی ناخی خۆی بەسەر ستافی (باسنیوز)دا، رووی رەشی (سپی میدیا) سپی بكاتەوە! بە (باسنیوز) دەڵێ: ”ماڵپەڕە سیخووڕ و تێكدەرەكە!" ئێمە پێمان خۆشە، خوێنەری هێژا و بەویژدان و خەڵكی نیشتمانپەروەری كوردستان، سەرنجێك لە بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و كولتووریی ئێستای شاری سلێمانی و دۆخی خەڵكە خۆشەویستەكەی بدەن، ئنجا بیر بكەنەوە و بزانن ئاخۆ (سپی میدیا) و ئەمسالەكانی ماڵپەڕی تێكدەرن یان (باسنیوز؟) سلێمانی كە یەكێك لە جوانترین و خۆشترین شاری كوردستان بوو، تا ئێوە قسەتان تێدا نەدەكرد و دەمڕاستی نەبوون، گوڵ و باخچە و دار و درەخت و بازاڕەكەشی دەگەشایەوە و بە رووی هەمواندا پێدەكەنین، بەڵام لەوەتەی ئێوە بەم میدیا ژەهراویانتانەوە ژەهر بەسەر خەڵكی ئەو شارەدا دەڕێژن، ئەو شارە جوانەی كوردستان خەمی لێدەچۆڕێت، ئێوە لەو میدیایانەن كە هەرچەندە لە سلێمانیین، بەڵام پشتتان لە هەموو ئەو گەندەڵی و خیانەت و دزی و تاوانانە كردووە كە دژی خەڵكی سلێمانی دەكرێن و بەدوای ئەوەوەن ئاخۆ لە هەولێر و بادینان چی روو دەدا تا بیكەنە هەواڵ! ئەرێ بەڕاست كێ ئاوها دەرسی داداون؟ ئەم جۆرە كاركردنە لە چ خولێكی رۆژنامەوانی فێر بوون؟

ماڵپەڕی (سپی میدیا) نووسیویەتی: ”باسنیوز، پەیوەندیی نێوان پارتی و حزبەكانی تر تێك دەدات!" لە وەڵامدا پێیان دەڵێین: ”جەماعەتی (سپی میدیا) توو ویژدانتان لەم ساڵانەدا چەند جار هەم لای خۆتان و هەم لە كەناڵەكانی ترەوە، هاوارتان كردووە: هەر حزبێك لە پارتی نزیك بێتەوە دەپووكێتەوە! ئاخۆ ئەم قسە بێبنەمایە پەیوەندیی نێوان پارتی و حزبەكان تێكدەدات یان شتی تر؟، بەڕاست بیرتانە كاتێ یەكێتی و پارتی لە یەك نزیك دەبن، ئێوە چ رۆڵێكی خراپ دەگێڕن؟"

نووسەرەكەی (سپی میدیا) دەڵێ: ”ئەوە بۆ 10 ساڵ دەچێت، ماڵپەڕەكەمان بە توانایەكی زۆر كەمی رێكلام! وەك میراتێكی میدیای ئەهلی و ئازاد! و بە مووچەیەكی رەمزی بۆ ستافەكە، خزمەت دەكات!" ئێمەش پێی دەڵێین: ”ئەو قسانە بۆ حەلاو باس بكە!" هەرگیز لە هیچ شوێنێكی دونیادا، هیچ كەسێك نیە، هێندەی ئەم كەسانەی كە لە سلێمانی خۆیان ناو ناوە (میدیای ئەهلی و ئازاد و سەربەخۆ!) خەڵك بە غەشیم بزانن، ئاخر ماڵپەڕێك كە رۆژانە دەیان هەواڵ بڵاو بكاتەوە، ئۆفیس و چەندین پەیامنێر و هەواڵساز و مووچەخۆری هەبێت، چۆن بە (توانایەكی كەمی رێكلام!) بەڕێوە دەچێت؟ ئێرە كوردستانە عەزیزم.

لە هەموو ئەوانە گرنگتر، دەبێ سپۆنسەران و سەرپەرشتیارانی ماڵپەڕی (سپی میدیا) باش بزانن، (ئازادبوون و ئەهلیبوون و سەربەخۆبوون) لە كاری میدیا و رۆژنامەوانیدا، بە بانگەشە و هاتوهاوار و دروشم نیە، بەوەش نیە تۆ لیستی (خوا دەزانێ چۆن نووسراوی) خەرجی و داهاتەكانت بڵاو بكەیتەوە! بەڵكوو بە جۆری ئەو هەواڵ و زانیارییانەیە كە پێشكەشی دەكەیت، بە چۆنێتیی داڕشتنی هەواڵەكانە، بەو دەستەواژانەیە كە بەكاری دەهێنیت، بە ناوەڕۆكی ئەو وتارانەیە كە بڵاویان دەكەیتەوە، هەر كەس چاوێكی خێرا بە هەواڵ و مانشێتەكانی (سپی میدیا)دا بخشێنێت، دەزانێ بای هەواڵەكانی لە كوێوە هەڵدەكات! هەر بەڕاستی جەماعەتی (سپی میدیا) پێیان وایە هەواڵ و زانیارییەكانیان، سیاسەت و ئاراستەی كاركردنیان، لە هەواڵ و زانیاری و سیاسەت و ئاراستەی پەیجە سێبەرەكانی یەكێتی جیاوازە؟
نووسەری روونكردنەوەكەی ماڵپەڕی (سپی میدیا) شتێكی عەنتیكەتری نووسیوە، دەڵێ گوایە: ”باسنیوز، دڵی یەك رۆژنامەنووس و رۆشنبیری جدی و فیگەرە رۆشنبیرەكانی كۆمەڵگای كوردیی بە پارتییەوە نەهێشتووە!" بۆ ئەم تۆمەتە، دوو شتی زۆر گرنگتان وەبیر دەهێنینەوە، یەكەم: بە درێژایی ئەم ١٢ ساڵەی دەزگای میدیایی (باس) زۆرترین و باشترین و كاراترین نووسەر و رۆشنبیرە ناودارەكانی كوردستان، لە هەفتەنامەی (باس) و لە (باسنیوز) گۆشەی رۆژانە و هەفتانەیان هەبووە و تا ئێستاش زۆربەی نووسەرە زۆر باشەكان لای ئێمە دەنووسن.

دووەم: ئەرێ كاتێ بەڕێزان بەختیار عەلی، شێرزاد حەسەن، حەمەسەعید حەسەن، رێبوار سیوەیلی، رەووف بێگەرد، هۆمەر دزەیی، عەباسی كەمەندی، رەئوف حەسەن، ، جەبار جەمال غەریب ، هیوا قادر، فازڵ جاف، كەیوان ئازاد، خەڵات عومەر، ئازاد حەمە و پۆڵا سەعید و جەمال عەبدوڵڵا و ئاسۆ عەبدوللەتیف و.. هتد، هەفتانە بابەت لە هەفتەنامەی (باس) و (باسنیوز) بڵاو دەكەنەوە، ئێوەی میدیاكارانی بەناو (سەربەخۆ و ئازاد و بێلایەن!) بیرتانە و دەزانن چەند ناوەناتۆرە و تۆمەتی بێبنەما و تەشهیر بۆ ئەو بەڕێزانە دروست دەكەن، بەبێ ئەوەی تەنانەت رەچاوی هاوڕێیەتی و دۆستایەتی و پێوەندیی كۆمەڵایەتیی خۆشتان بكەن لەگەڵ ئەو بەڕێزانە؟ بەڕاست ئەوە ئێمەین رۆشنبیران دەڕەنجێنین، یان ئێوەن كە پێتان كوفرە نووسەرێكی گەورە جگە لای خۆتان، لە شوێنێكی تر بابەتێك بڵاو بكاتەوە؟
لە راستیدا ئەو میدیایەی كە دەبێ دابخرێت، ئەو میدیایەی كە هیچ شتێكی جوانی كوردستان نابینێت و كەیفیشی پێنایەت، ئەو میدیای كە سووكایەتی بە رۆشنبیرە گەورەكانی كوردستان دەكات، ئەو میدیایەی كە بەردەوام خەڵكی كوردستان هەمبەر بە خاك و نیبشتمان و زمان و كولتوور و مێژوو و شۆڕشەكانی، بێئومێد دەكات، ئەو میدیایەی كە هەرگیز دوو قسەی خێر بۆ كوردستان ناكات، ئەو میدیایەی ژەهر دەڕێژێت بەسەر خەڵكی سلێمانیدا، ئەو میدیایەی هەرگیز نایەوێ سەركەوتنی حكوومەت و ئەزموونی كوردستان ببینێت، ئەو میدیایەی نایەوێ حزبەكانی كوردستان لێك نزیك بنەوە، ئەو میدیایەی كە دەبێ لە ئایندەدا دادگایی بكرێت، ئەوە (سپی میدیا) و ئەمسالەكانیەتی نەك (باسنیوز).

بۆیە ئەی نووسەری روونكردنەوەكەی (سپی میدیا) باش بزانە.. بەرۆكی خۆشت دادڕیت، لە داخا شەقیش بەریت، خۆشت هەڵواسیت، (باسنیوز) رۆژ بەڕۆژ لە بەرەوپێشچووندایە، ئێمە وەك تۆ بیر ناكەینەوە و وەك تۆ كاری رۆژنامەوانی ناكەین و وەك تۆ لە ژیان ناڕوانین، چونكە ئێمە لە سەنگەری كوردستان و خەڵكی كوردستانداین و بە هەوا و هەوەسی دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان هەڵناسووڕێین.
ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز)

روونکردنەوەکەی ماڵپەڕی " سپی میدیا "

دوێنێ ١٨ ی کانوونی یەکەم ماڵپەڕی ( سپی میدیا ) هەواڵێکی ئاسایی لەسەر دەوامکردنی بریکاری وەزیری ناوخۆی کە لەسەر پشکی یەکێتی یە بڵاوکردەوە، ماڵپەڕە تێکدەرەکەی ( باس نیوز) وەک پیشەی هەموو جارێکی کە خەریکی تۆمەت بەخشینەوەیە لەگەڵ وەرگرتنی بڕگەیەکی هەواڵەکەی ماڵپەڕی سپی میدیا دەڵێت" ماڵپەڕێكی نزیك لە یەكێتی بە ناوی (سپی میدیا)ەوە".

ئەمە یەکەم جار نییە ئەم ماڵپەڕی دەزگای پاراستن تۆمەت بخاتە پاڵ ماڵپەڕی سپی میدیا، رۆژی ٢٩ کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ ش تۆمەتی سەر " بە لاهوری شێخ جەنگی " خستە پاڵ ماڵپەڕەکەمان، دوێنێش " بە ماڵپەرێکی نزیک یەکێتی " ناوزەدی کردین.

تەمەنی ماڵپەڕی و گۆڤاری سپی میدیا بەرەو ١٠ ساڵ دەڕوات، بە توانایەکی زۆر کەمی ریکلام و ژمارەیەک رۆژنامەنووسی کەمەوە بە مووچەیەکی رەمزی،  سەربەرزانە، ئەوە چەند ساڵە بەردەوامە لە گەیاندنی پەیامی رۆژنامەنووسی خۆی، وەک میراتێکی میدیای ئەهلی و ئازاد لە کوردستان، خوێنەران و خەڵکی کوردستانیش ماڵپەڕی سپی میدیا و ستافەکەی دەناسن و، ماڵپەڕی باسنیوزی دەزگای پاراستنی پارتیش دەناسن.
ئێوە تەنها بەوەوە نەوەستاون کە ئەگەر پانتاییەکی بچووکی جوان مابێت ناشیرینی بکەن، بەڵکو گەر  لێپرسراوانی پارتی بەرپرسانە مامەڵە بکەن دەبێت ئەو دەزگایەی ئێوە دابخەن، چونکە ئێوە بوونەتە هۆکارێکی سەرەکی تێکدانی پەیوەندی نێوان پارتی و حیزبەکانی تر، هەروەها ئێوە دڵی یەک رۆژنامەنووس و رۆشنبیری جدیتان بە پارتی یەوە نەهێشتووەو هەر رۆژەو پەلاماری حیزب و دەزگا رۆشبیری و میدیایی و فیگەرە رۆشنبیرەکانی کۆمەڵگای کوردی دەدەن.

سەرباری ئەمەش ئێوە بوونەتە بار بەسەر میدیایەوە، لەلایەکەوە پەلاماری هەموو پرۆژەیەکی جدی دەدەن، لەلایەکی ترەوە دەزگاکەتان بە سامان و موڵکی گشتی بەڕێوەدەبەن، دڵنیابن گەر ئەمڕۆش نەبێت، لە ئایندەدا لەگەڵ بچووکترین ئاڵوگۆڕی سیاسیدا، ئەو دەزگایەی ئێوە دادەخرێت و هەموو ئەو خەڵکانەی کە ساڵانێکە تۆمەتی بۆ دادەڕێژن دێنە سەرتان و رادەستی دادگاکانتان دەکەن.

زۆر بە راشکاوانەش پێتان بڵێێین ئێمە لەگەڵ داخستنی دەزگای میدیای ( باس ) داین، بڕوای تەواویشمان بەوە هەیە دۆخی کوردستان و پەیوەندی سیاسی لایەنەکان و لایەنەکان و کۆمەڵگا هەرگیز چاک نابێت تا ئەم جۆرە میدیا سیخوڕییەی پارتی و میدیا سیخوڕیەکانی یەکێتی و حیزبەکانی تر دانەخرێن، چونکە بوونی جۆرە میدیایەکی ئێوەو هاوشێوەی ئێوە هیچ پەیوەندیەکی بە ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە نییەو، تەنها میدیایەکی سیخوڕیە کە ئەرکی تێکدانی کۆمەڵگای کوردیە.

ماڵپەڕی سپی میدیا  ١٩ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢.




PM:11:00:19/12/2022