" کوشتنی ستافێکی پارێزگاری لەلایەن کوڕی بەرپرسێکەوە لێخۆشبوون نایگرێتەوە "


لەبارەی کوشتنی پاسەوانێکی شارێكی نیشتجێبوونەوە لە سلێمانی لەلایەن کوڕێکی بەرپرسێکی یەکێتی یەوە، شارەزایەکی یاسایی دەڵێت " لێخۆشبوون نایگرێتەوە".

پەیمان عێزەدین پارێزەر و پەرلەمانتاری پێشوو تری پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکدا نووسیوویەتی" لەیاسادا تەنازول لەو تاوانانە نیە کە مافی کۆمەڵگا واتە مافی گشتی لەسەربێ، یەکێکیش لەو تاوانانە کوشتنە" .

هەروەها دەشڵێت " لەبەرئەوەی کوشتن بەتەنیا تاوان نیە لەسەر کەسی کوژراو بۆیە تەنازولکردنی کەسوکاری کوژراو هیچ لە ڕێکارە یاساییەکان ڕاناگرێت و تەنیا لە دەرەوەی دادگا لێخۆشبون و سوڵحکردن کاریگەری دەبێ لەسەر کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتی نێوان ئەو دوو خێزانە" .

ئەو یاساناسە قسەکانی وردتر دەکاتەوەو دەڵێت " ئەوەی لە دۆسێی کوشتنی یەکێک لە ستافی پارێزگاریی (دەروازە) ڕویدا کە لەلایەن کوڕی بەرپرسێکەوە بەئەنقەست کوژرا لەکاتی دەوامی ڕەسمی و بەجێگەیاندنی ئەرکەکەیدا ، کەهەموو ئەمانە تاوانەکە دەکات بەکوشتنی ئەنقەست و دەبوو بە پێی مادەی ٤٠٦ سزا بدرایە ، کەچی ئەوەی بڵاوبۆتەوە ئەوەیە کە بکوژ ئازاد کراوە".

پەیمان عێزەدین دەشڵێت "ئازاد کردنی بکوژێک لە تاوانێکی لەم جۆرەدا ،دوو کاریگەری خراپی هەیە، یەکەم: داخستنی پەڕاوێکی کوشتن یان ئازادکردنی تۆمەتبارێک بە کوشتنی ئەنقەست سەرەڕای دانپیانان و بەڵگەی پێویست ،بەهۆکاری تەنازولکردنی کەسوکاری کوژراو ، هێندەی تر قانون و دادگا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و باشتر و ڕونتر دەردەکەوێ کە بەرپرس و مناڵ و کەسوکاریان لەسەرو یاساوەن.  دووەم: ئەم ئاڕاستەیەی دادگا ڕێخۆشکەردەبێ بۆ چاوقایمی بەرپرسان و کوڕەکانیان ، لەبری ئەوەی قانون ڕێگربێ لەتاوان ، ئەبێ بە ڕێخۆشکەر بۆ تاوان.لەبەرامبەریشدا سەرئەکێشێ بۆ تۆڵەکردنەوە لەسەر ئاستی کەسیی و خێزانیی ."



AM:12:16:29/12/2022