حکومەتی هەرێم: پێشینەكان بۆ هاوڵاتیان دەستپێدەکەینەوە

حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" بەمزوانە هەموو خزمەتگوزاریەکی بانکی ناوەندی دێتە هەرێم و هاوڵاتیان سوودمەند دەبن". 

مەولود سابیر، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان لە هەرێمی كوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند" كردنەوەی بانكی نیشتمان لە هەرێمی كوردستان، دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ کردنەوەى پێشینەكان بۆ هاوڵاتیان و واڵاکردنی دەرگا بۆ بانكەكان تا بکرێنە سیستەم و بە بانکە عێراقى و جیهانییەکان ببەسترێنەوە و ئەمانەش هەمووى هۆکارن بۆ گەشەسەندنى ئابوورى و بەهێزکردنى سیستەمى بانکى لە هەرێمەکەمان

ئاماژەی بەوەشکرد" بانكی نیشتمان بانكێكی حكومییە، بە یاسای بانكی ناوەندی عێراقی دادەمەزرێت، ڕێكارەكانی دامەزراندنی دەست پێ كراوە و كارەكانی لە هەرێم بە سەرمایەى نزیک بە ٢٥٠ ملیار دینار كۆتایی هاتووە، و ٢٥ ملیار دیناریشمان بە کاش لە بانكی ناوەندی عێراقی لە هەولێر داناوە، تەنیا لەسەر بانكی ناوەندی عێراقی ماوەتەوە كە مۆڵەتمان پێ بدات بۆ ئەوەی كارەكانمان ئەنجام بدەین و دەست پێ بكەین". 

ئەوەشی خستەڕوو، مۆڵەت لە بانكی ناوەندی عێراقی وەردەگرین، واتە هەموو ئەو كارانەی بانكی ناوەندی عێراقی ئەنجامی دەدات لە رووی رێنمایی و یاساوە ئێمەش لە بانكی نیشتمان جێبەجێی دەكەین، سوودەکەشى ئەمانەن:

ـ گشت پێشینەكان بۆ هاوڵاتیانی هەرێم دەكاتەوە.

ـ دەرگا وڵا دەكات تا بانكەكانی هەرێم بكرێنە سیستەم.

ـ واڵاکردنە دەرگا بەڕووی دەرەوە و جیهان

ـ کارکردن لەگەڵ ئەو بانكە نێودەوڵەتیانەی ئێستا كارمان لەگەڵ ناكەن

ـ لە هەرێمى کوردستان ٩٤ بانك هەیە، بە کردنەوەى بانكی نیشتمان، ڕێژەی بەشێک لە فەرمانبەران كەم دەبێتەوە.

ـ بانكی نیشتمان ده‌بێته‌ دەرگایەک بۆ وه‌به‌رهێنه‌ران و دروستبوونی متمانە بۆ وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی.

ـ مانگانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری پاره‌ی نه‌وت لە ڕێگەى بانکە ئەهلییەکانەوە بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران خه‌رج ده‌كرێت، بانکى نیشتمان ئەمەش چارەسەر دەکات.


PM:05:40:20/01/2023