سەبارەت بە حەجكردن بەڕێگەی "تایبەت و بازرگانی" روونكردنەوە دەدرێت


بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێم رەتیدەكاتەوە حەج و ڤیزای حەج بە شێوەی تایبەت یاخود حەجی بازرگانی بكرێت و رایدەگەیەنن، حەج جگە لە تیروپشك كە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بەشێوەی فەرمی ئەنجامی دەدات، رێگاكانی دیكە ئەنجامدانی حەج، فێڵكردن و پارەخواردنە.

بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، ماوەیەكە لە هەندێك پەیج و لەلایەن چەندین كەسەوە لە سعودیە و تەنانەت لە كوردستانیشەوە پەیوەندی بەهاوڵاتیانەوە دەكرێت و بانگەشەی دابینكردنی ڤیزای ساڵانە بۆ حەج و ڤیزای حەج بەشێوەی تایبەت یاخود حەجی بازرگانی دەكرێت. 

حەج و عومرە ئاماژەی بەوەكردووە، ئاگاداری هەموو لایەك دەكەنەوە كە رێكاری یاسایی بەرامبەر بە هەر كەس و كۆمپانیایەك دەگرینە بەر كە بەم جۆرە دەیانەوێت زیان بە هاوڵاتیان بگەیەنن.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، حەج و عومڕە روونیكردۆتەوە، پرۆسەی حەج بەرێگەی دروست ئەوەیە لە رێگەی تیروپشك و ناونوسینەوە هاوڵاتیان سەفەر بكەن، چونكە لە ساڵانی رابردویشدا ئەم هەوڵانە هەبووە، بەڵام بەشێكی زۆریان نەیانتوانیوە ئەو بەڵێنە بەجێ بگەیەنن كە بانگەشەیان بۆ دەكرد و پارەی خەڵك لەم رێگەیە فەوتاوە.



PM:08:11:19/02/2023