گراهام پۆتەری ڕاهێنەری یانەی چێڵسی هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرێت

یانەی "بلوز" بەڵێنیدا پشتگیری لە ڕاهێنەرە تەمەن 47 ساڵەکە بکات ، کە لە مانگی ئەیلولی ڕابردوودا جێگەی تۆماس توخێلی ئەڵمانی گرتەوە.

 دەستەی هاندەرانی چێڵسی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پشتیوانی خۆی بۆ لێکۆڵینەوە لەو هەڕەشانە پشتڕاستکردەوە.

 لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە ، یەکێتی هاندەرانی چێڵسی تووشی شۆک بووە لەوەی هەڕەشەی کوشتن لە گراهام پۆتەر و خێزانەکەی کراوە.

 لە درێژەی قسەکانیدا وتی:" کارەکانی ئەو کەسانە قێزەونن و نوێنەرایەتی هاندەرانی چێڵسی ناکەن ، نابێت ڕاهێنەر و خێزانەکەی بەر هیچ جۆرە هەڕەشەیەک بکەوێت، ئێمە زۆر بێ هیوا بووین ".

 لە بەیاننامەکەدا هاتووە :"لە کاتێکدا مشتومڕکردن و هەڵسەنگاندنی ئەدای کارکردن بەشێکە لە یارییەکە ، بەڵام نابێت تێکبچێت و ببێتە ڕەفتارێک کە هێرشبەرانە بۆ تاکەکان یان خێزانەکانیان".

 چێڵسی - کە سبەی لە هەفتەی ٢٥ی خولی نایابی ئینگلیزیدا سەردانی تۆتنهام دەکات - لە ڕیزبەندی پرێمەرلیگی ئینگلتەرا بە کۆکردنەوەی ٣١ خاڵ پلەی دەیەمی گرتووە.


PM:08:57:25/02/2023