کەنەدا سزای نوێی به‌سه‌ر چه‌ند كه‌سایه‌تی و لایه‌نێكی ئێراندا سەپاند

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ڕایدەگەیەنێت" ژمارەیەک بەرپرس و کەسایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران خراونەتە لیستی گەمارۆکانیەوە". 

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" هەریەک لە مورتەزا میر ئاغای فەرماندەی هێزە نیمچە سەربازییەکانی بەسیج لە شاری سنە، ئیسماعیل زارعی کوشە پارێزگاری سنە، سەیەح سادق حوسێنی جەنەراڵ و فەرماندەی فەیلەقی بەیتولموقەدەس سەر بە سوپای پاسداران لە پارێزگای سنە، ڕەحیم جەهانباخش فەریقی دووی لێف و فەرماندەی لێف لە پارێزگای ورمێ، خراونەتە لیستی سزاکانەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی ئەو کەسانەی خراونەتە لیستی سزاکانەوە (١٢) کەسایەتی و لایەنی ئێرانی لە خۆدەگرێت و كه‌ به‌شێك بوون له‌ هاندان بۆ پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و پشێوییەکانی ئەم دواییەی ئەو وڵاتە.

لە ماوەکانی رابردووشدا لە لایەن وڵاتانی جیهانەوە چەندین بەرپرسی باڵا و دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەهۆی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران خراونەتە لیستی سزاکان و گەمارۆیان بەسەردا سەپێندراوە.


AM:08:55:28/02/2023