"عێراق قەیرانە سیاسییەکانی تێپەڕاندووە و ئێستا سەرنجی لەسەر ئاستەنگە ئابووری و ژینگەییەکانە"

ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و ڕایگەیاند" عێراق قەیرانە سیاسییەکانی تێپەڕاندووە و ئێستا سەرنجی لەسەر ئاستەنگە ئابووری و ژینگەییەکانە". 

ئەمڕۆ چوارشەممە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی کرد لە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئێوارەی دوێنێ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغداد. 

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە میانی دیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی تاوتوێ کرا، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی کەشوهەوا گفتوگۆی لەبارەوە کرا و هەوڵەکانی عێراق بۆ چەسپاندنی کولتوری مافەکانی مرۆڤ و پێشخستنی گەشەپێدانی بەردەوام، و ڕۆڵی پێشەنگانەی لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا تاوتوێ کران. 

هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە" عێراق قەیرانە سیاسییەکانی تێپەڕاندووە، هەوڵەکانیش لەسەر ئاستەنگە ئابووری و ژینگەییەکان چڕبووەتەوە، و حکومەت چەندین ئەولەویەتی داناوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم تەحەددایانە". 

لە میانی دیدارەکەدا سوودانی پێداچوونەوەی بە پلانەکانی حکومەت کرد بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەنجان و وەبەرهێنان لە توانا و تواناکانیان، هەروەها هەوڵەکانی بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پەسەندکردنی پرەنسیپی فرە هاوبەشی ئابووری لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا. 

لای خۆیەوە سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانەکەی بۆ عێراق بە جێی بایەخ وەسف کرد، هاوکات پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ عێراق لە بابەتی تەحەددیاتی کەشوهەوا و ئاوارەکان دووپات کردەوە.

گۆتێرێس ئامادەیی نەتەوە یەکگرتووەکانی دووپاتکردەوە بۆ" پاڵپشتیکردنی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر ئەو تەحەددایانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە". 


PM:03:23:01/03/2023