لەسەر نەوشیروان مستەفا لە رۆڵی راپەڕین، میدیایەكی گۆڕان داوای روونكردنەوە لە سەرۆكایەتی هەرێم دەكات


میدیایەكی نزیك لە بزووتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا "غەدرێكی گەورە" لە ‌نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەكەیان دەكات.

میدیای (زەمەن)ی نزیك لە بزووتنەوەی گۆڕان لە هەواڵێكدا رایگەیاندووە "سەرۆكایەتی هەرێم لە یادی ڕاپەڕیندا پڕۆمۆیەكی ڤیدیۆیی لە وێنەی چەند سەركردەو سیاسیەكی كورد دروستكردوەو لە پەیجی فەرمیدا بڵاویكردووەتەوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە وێنەی نەوشیروان مستەفای تێدا نیە، كە ئەندازیار و بزوێنەری سەرەكی ڕاپەرینی گەلی كوردستانە لە ساڵی ١٩٩١ دژ بەرژێمی بەعسی سەدام".

زەمەن ئاماژەی بەوەكردووە "لە پڕۆمۆكەدا وێنەی (شێخ سەعیدی پیران، شێخ عەبدوسەلام بارزانی، شێخ مەحمودی نەمر، سمكۆی شكاك، قازی محەمەد، مەلا مستەفای بارزان، ئیدریس بارزانی، مام جەلال، مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی بەكارهێنراوە".

هەروەها وتویەتی "ئەو پڕۆمۆیە غەدرێكی گەورەیە لە نەوشیروان مستەفا كراوە، چونكە ئەوەی ڕۆڵی سەرەكی لە راپەڕیندا هەیە ئەوە نەك كەسێكی دیكە".


میدیای (زەمەن) روونیكردۆتەوە "نا دیدەگرتنی ڕۆڵی نەوشیروان مستەفا لە خەباتی رزگاریخوازی گەلی كورددا كارێكی نەكردەو بێ ویژدانیە، دەبوایە سەرۆكایەتی هەرێم كە خۆی بە چەترێك دەزانێت بۆ كۆكردنەوەی هەموان، لەو بیركردنەوە حزبیە دەربچوایە و بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا نەكردایە.هیوادارین دەستبەجێ پرۆمۆكە بسڕنەوەو رونكردنەوە بدەن".

لە كۆتاییدا (زەمەن) ئاماژەی بەوەكردوە "ئەوەی جێی سەرنجە لەو پڕۆمۆیەدا كە وێنەی نەوشیروان مستەفا بەكارنەهێنراوە، وێنەی چەند كەسێكی دیكە بەكارهێنراوە كە خەبات و تێكۆشان و شارەزایی و كاریزماییان بە ئاستی ئەو نیە و كاتێكیش ڕاپەرین كراوە ئەوان لە دەرەوەی وڵات بوون، هەندێكیشیان ساڵانێكی زۆر پێش ڕاپەڕین كۆچی دواییان كردووەو هەندێكی دیكەشیان لەڕێگەی بروسكەكانی نەوشیروان مستەفاوە ئاگاداری ڕاپەرین بوون".

ئەو رەخنەیەی (زەمەن) لە سەرۆكایەتی هەرێم لە كاتێكدایە، مستەفای سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان (ماوە درێژكراوە) لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان.
 



PM:09:08:05/03/2023