ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەردۆغان و سودانی ئاشكرابوو


سەرۆك كۆماری توركیا بڕیاریدا بەشە ئاوی عێراق لە رووباری دیجلە بۆ ماوەی مانگێك زیاد بكات، سەرۆك وەزیرانی عێراقیش رایگەیاند، كارئاسانی زیاتر بۆ پێدانی ڤیزە بە هاوڵاتیانی  تورك دەكەن.

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی نێوان شاندی عێراق و توركیا بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا لە كۆشكی سەرۆكایەتی كۆمار بەڕێوەچوو و دواتر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازكرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند، لەگەڵ سودانی تاوتوێی هەموو رەهەندەكانی پەیوەندییەكانیان كردووە و تیشكیان خستووەتە سەر پرۆژەی (رێڕەوی گەشەپێدان)، كە رێگەیەكی وشكانی و هێڵی ئاسنینە لە بەسرەوە تاوەكو توركیا. 

سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی ئاو، ئەردۆغان روونیكردەوە، پرسی ئاو بە ناكۆكی چارەسەر ناكرێت، بەڵكو بەهاوئاهەنگی و لێكتێگەیشتن دەبێت، درك بە پێویستی زۆری عێراقییەكان دەكەن بە ئاو، سەرباری ئەمەش توركیا بەدەست كاریگەریی گۆڕانی كەشوهەوا دەناڵێنێت و بەراورد بە 62 ساڵی رابردوو، كەمترین ئاستی ئاوی بەردەستە، بەڵام بۆ نەهێشتنی تەنگەژەكانی عێراق بڕیاریان داوە بڕی ئەو ئاوەی كە لە رووباری دیجلەوە دەڕژێت، بۆ ماوەی مانگێك بەپێی توانا زیاد بكەن. 
 
دەربارەی پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكانیش، ئەردۆغان وتی "ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان 24 ملیار دۆلاری تێپەڕاند و ژمارەی پێوانەیی شكاند، دەتوانین ئەم قەبارەیە زۆر لەمە زیاتر فراوان بكەین. بۆ ئەمەش پێویستە ئەو سنوورداركردن و ئاستەنگانەی بەردەممان هەن هەڵبوەشێندرێنەوە." 
 
لە بەرامبەریشدا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێداگرییان لە پەیوەندییە ئابوورییەكان كردەوە بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی باشی لەسەر بنەمای پەیوەندییەكانیانەوە هەبێت بەتایبەتی لە روانگەی سیاسیی و ئابووریشەوە. 

سودانی ئاماژەی بەوەكرد، فەرمانی بە وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە كردووە هەموو جۆرە كارئاسانییەك بكەن لە پێدانی ڤیزەی عێراق بە هاوڵاتییانی توركیا بەگشتی و ڤیزەی بەپەلە و خێرا بۆ پیاوانی كار و وەربەرهێنانی توركیا. 



PM:10:42:21/03/2023