لە شارێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەندکراوێک كوژرا

بەندکراوێکی خەڵکی شاری شاباد بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندی حکومەتی ئێران لە کرماشان کوژرا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" بەهۆی شەڕ و تێکهەڵچونی نێوان بەندکراوانی بەندیخانەی ناوەندی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کرماشان بەندکراوێکی خەڵکی شاری شاباد بە ناوی مەهدی کەرەمی کوژرا". 

هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ڕێکخراوی هەنگاوی ڕاگەیاندووە" ئەو بەندکراوە لەلایەن بەندکراوێکی دیکە بە ناوی میلاد جامع‌ شورانی و بە لێدانی چەقۆ کوژراوە". 

هەروەها ڕێکخراوەکە پێشتر هەواڵی کوژرانی بەندکراوێکی دیکەی بە ناوی مەجید شاهوەیسی تەمەن (٣٥) ساڵان و خەڵکی کرماشان، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی بەندکراوانی ئەو بەندیخانەیە و بە لێدانی چەقۆ بڵاوکردەوە.


PM:12:19:25/03/2023