بەهۆی مەترسی روودانی لافاوەوە
پارێزگاری هەولێر هۆشداری دەدات


 بەهۆی ئەو پێشبینیانەی لە بارەی کەشوهەواو شەستە بارانەوە دەکرێت، پارێزگاری هەولێر،  پارێزگاری هەولێر هۆشداری دەدات بە هاوڵاتیان.

لە راگەیەندراوێکدا پارێزگای هەولێر دەڵێت " لە پێناو سەلامەتی خۆت و خێزانەکەت، لە کاتی هەستکردن بە مەترسیەکانی دروستبوونی لافاو، پێش دروستبوونی لافاو پێویستە رەچاوی چەند خاڵێک بکرێت:"

١ -چاودێریکردنی زانیارییەکانی کەشناسی و وەرگرتنی ژمارەی گروپ یا ئاژانسی لافاو.

٢ -  دیاریکردنی شوێنێکی بەرز و گونجاو لە ماڵەکەت یا لە دەرەوە بۆ خۆت و خێزانەکەتان.

٣-  پاراستنی بەڵگە نامە و کەل و پەلە گرنگە و بەنرخەکان و پاراستنیان لەو شوێنە کە دڵنیایی هیچیان لێ بەسەر نایەت.

٤-  ئامادەکرنی گونیە و پڕخۆڵکردنی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەکان، بۆ گرتنی ژێر دەرگا و ئەو شوێنانەی کە مەترسین لەکاتی دروست بوونی لافا ئاویان لێبێتە ژوورەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لەکاتی روودانی لافاو چی پێویستە ئەم کارانەبکرێت:

١-  بڕۆ بۆ ئەوشوێنەی بەرز و گونجاوەی کە لە ماڵەکەت یا لە دەرەوە بۆ خۆت و خێزانەکەت ئامادەت کردووە بێ دواکەوتن.

٢- بڕینی تەزووی کارەبا و ھێڵی غازی ماڵه‌وه‌تان.

٣- شوفێری نەکردن.

٤- دوورکەوتنەوە لە رێڕەوە ئاوی قورس و کەند و چۆمەکان.

ئەمەش لەکاتێکدایە، بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم رایگەیاند، پێشبینی هاتنی شەپۆلێکی بەهێزی باران بارینیان کردووە لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە، کە بەهۆی درێژبوونەوەی نزمە پاڵەپەستۆیەکەوە هەرێم بە کەشێکی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت.

کەشناسی پێشبینیکردووە، لە ئێوارەی رۆژی سێشەممە بارانبارین دەستپێدەکات و رۆژی چوارشەممە بارانبارین بەهێز دەبێت و ئاستی ئاو بەرزدەبێتەوە و کاریگەری شەپۆلەکە تا رۆژی هەینی بەردەوام دەبێت.

پێشتریش، ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "بە پشتبەستن بەو پێشبینییە زانستییەی لە لایەن بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی کە هۆشداری داوە لە بارەی شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە و بوونی هەورە بروسکە لە رۆژانی داهاتوودا کە بە پێی نەخشەکە سەرجەم ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە، ئێمە وەک بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی سەرجەم تیمەکانمان لە ئامادەباشی پێشوەختەدان خوانەکردە بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو".



PM:07:09:10/04/2023