بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە پارێزگای ئامەدی باكووری كوردستان، بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە سێ کرێکاری ڕێگاوبان گیانیان لەدەستدا.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، بەیانی ئەمڕۆ ١٢ی نیسانی ٢٠٢٣ لەسەر ڕێگەی سەرەکی (ئامەد - ئەرگان)ی لە ناوچەی دەڤەگەچیدی، ئۆتۆمبێلێک خۆی کێشا بە ژمارەیەک کرێکاری بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوباندا.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ڕووداوەکەدا سێ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و کەسێکی دیکەش بەسەختی برینداربوو.
دوای ڕووداوەکە تیمەکانی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و بریندارەکەش بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بە ئامبولانس گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە.
هەروەها لە ئێستاشدا رێگەی سەرەکی (ئامەد - ئەرگان)ی بۆ ماوەیەکی کاتی بە رووی شۆفێراندا داخراوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکە دەستیپێکردووە.