ساڵح موسلیم: ئەمریکا بۆ کورد لێرە نییە ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن

هاوسەرۆکی پەیەدە ڕایدەگەیەنێت" بەڕێوەبەرایەتی دیمەشق هیچ مەرجێکی دیاریکراو و ڕوونی بۆ کشانەوەی تورکیا لە ناوچە داگیرکراوەکان دانەنا". 

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک - پەیەدە لەسەر پرسی گفتوگۆکانی نێوان (ئەنقەرە، دیمەشق، تاران و مۆسکۆ و مەرجەکانی دیمەشق بۆ ئەنقەرە)، 
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز ڕایگەیاند" پێویستە گەلی کورد بەرامبەر بە کۆبوونەوەی نێوان ڕوسیا، ئێران، ئەنقەرە و دیمەشق وریابن". 

وتیشی" ڕژێمی سوریا دوژمنی کوردانە، تورکیا دوژمنی ستراتیژیی گەلی کوردە، لە کۆنەوە هەڵوێستی ئێران بۆ پرسی کورد ڕوون بووەتەوە و ڕوسیا دەیەوێت هەموو ئەمانە بۆ بەرژەوەندی خۆی کۆبکاتەوە". 

ڕاشیگەیاند" ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەیە، کە پارێزگاری لە مافەکانی هەموو گەلان دەکات و یەکگرتووی دروست دەکات و خاوەنی زۆر پڕۆژەیە،  ئەگەر ڕووسیا بەڕاستی پشتیوانی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، ئەوا لە ساڵی ٢٠١٢ەوە پەیوەندیمان هەیە، دەیتوانی لەگەڵ ڕژێم کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەوەی نەکردووە، بە شێوەیەکی پراگماتیست نزیک دەبێتەوە و دەڵێت، من چۆن دەتوانم سوود لە لایەنەکان وەبگرم؟ لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان، دەیانەوێت گەورەتریان بکەن". 

موسلیم ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوان شەڕیان دژی هەموو ئەو "چەتانە" کردووە، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن و ناوچە داگیرکراوەکانیان ئازاد کردووە و وتی" ئەوەی دەیانەوێت ئەنجامی بدەن، قبوڵ ناکرێت، ئێمە دژی هەموو ئەمانە ڕێوشوێن دەگرینە بەر، ئەوان پێیانوایە ئەگەر ئێمەی کورد لەناو ببەین، ئەمریکاش ناچار دەبێت ڕاستەوخۆ بکشێتەوە، بەڵام ئەمریکا بۆ کورد لێرە نییە، ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێرەن". 

ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە دەشڵێت" ئەمڕۆ هەموو دەرفەتەکان گۆڕاون، هەرگیز دژی وڵاتانی عەرەبی و پەیوەندییەکانیان نین، ئێمە دژی ئەوە نین، کە سوریا ببێتە ئەندامی کۆمکاری عەرەبی، بەڵام ڕژێمی سوریا هێشتا هەنگاوێکی بەرەو دیموکراسی نەناوە، نە بۆ گەلەکەی خۆی، نە بۆ ئەو کێشانەی لە گۆڕێندان و نە لە ئاستی کێشە نێودەوڵەتییەکاندا هیچ هەنگاوێکی نەناوە". 


PM:12:16:15/04/2023