هەدەپە "شەهیدکردنی ئەندامەکەمان لە دهۆک کاری میتی تورکە"

نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەرێمی کوردستان لەبارەی شەهیدکردنی ئەندامێکی پارتەکەیان لە شاری دهۆک هەڵوێستی خۆی ڕایگەیاند و دەڵێت: "دڵنیاین هێرشە چەکداریەکەی میتی تورک بەبڕیاری ئاکەپە و مەهەپە ئەنجامدراوە، داواش دەکەن کەیسی شەهیدکردنی ئەندامەکەیان بەلاڕێدا نەبرێت".

ئەمرۆ سێشەممە نوێنەرایەتی هەدەپە لە شاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند، سیاسەتمەدارانی هەدەپە بەهۆی فشارەکانی ئاکەپە و مەهەپە ناچاربوون باکوری کوردستان جێبهێڵین و بێینە باشوری کوردستان، بەڵام هێرشەکانی میتی تورکی بە هاوکاری هەندێک هێزی هەرێمی لەسەر ئەم سیاسەتمەدارانە زیادی کردوە.

نوێنەرایەتی هەدەپە باسیان لەوەشکرد، تائێستا بکوژانی حسێن تورەلی دەستگیر نەکراون کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە لە سەر کاری خۆی بە حەوت گولە لەلایەن میتی تورکی شەهیدکرا، کە پێشتر حسێن تورەلی لە هێرشێکی چەکداریدا بریندار کرابوو.

هەروەها ئەوەشخرایەڕوو، ئەم هێرشانەی میتی تورک بۆ هەڕەشەکردن و لەناوبردنی کەسە سیاسیەکانی باکوری کوردستانە کە لەباشوری کوردستان نیشتەجێن، بەوتەی نوێنەرایەتی هەپەدە ئەو کەسەی ئەندامەکەی ئەوانی شەهیدکردوە سەر بە ئاکەپە-مەهەپە یە.

هەپەدە وێڕای ئیدانەکردنی شەهیدکردنی ئەندامەکەیان لە دهۆک داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای دهۆک کرد بکوژی ئەو ڕووداوە بدۆزنەوەو دۆسێیەکە بەلاڕێدا نەبرێت.

شەوی ڕابردوو لەناو بازاڕی فامیلی مۆڵ لە شاری دهۆک وڵاتپارێز حسێن تورەلی بە حەوت گولە شەهیدکرا، لەکاتێکدا کە پۆلیسی دهۆک لەسەر ڕوداوەکە ڕایگەیاند ناسنامەی ئەو کەسە لەلایەن ناسراوە، بەڵام تائێستا ناتوانراوە هێرشبەرەکە دەستگیربکرێت.



PM:03:02:18/04/2023