مەسرور بارزانی: نابێت راگەیاندن ببێتە سەکۆیەک بۆ سووکایەتیکردن بە سیمبۆلە نەتەوەییەکان

لە یادی ١٢٥ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیدا، مەسرور بارزانی دەڵێت" نابێت دەزگاکانی ڕاگەیاندن، ببنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی هزری توندڕۆیی و  هاندانی توندوتیژی و سووکایەتیکردن بە خەڵک و بەها و سیمبۆلە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان".

لە پەیامێکدا بەبۆنەی ١٢٥ ساڵەی یادی رۆژنامەگەری کوردیەوە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حوکمەتی هەرێمی ( ماوە بۆ درێژکراوە) دەڵێت" بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی ( کوردستان ) لەلایەن رەوانشاد میر میقداد مەدحەت بەردخان و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، گەرمترین پیرۆبایی لە ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم".

لە درێژەی پەیامەکەیدا دەشڵێت " بزاڤی ڕۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا و ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان، لە پەرەپێدان و گەشەپێدانی بەردەوامدایە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردن لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ ڕۆژنامەنووسان بۆ ئەوەی ئازادانە و لە چوارچێوەی یاسا بەركارەكان و ئیتیكی كاری ڕۆژنامەوانی و پێوەرە نێودەوڵەتییەكان، کار و ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن".

مەسرور بارزانی داواش دەکات " رۆژنامەنووسان و میدیاكارانی كوردستان، کاربکەن لە پێناو برەودان و پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی و كولتووری بەیەكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و گرنگیدان بە پرسە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی یاسایی و دەستووری و جێی هیوای هەموو كوردستانیان".

لە  کۆیتاییدا دەڵێت "لەم یادەدا بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی هەموو ئەو ڕۆژنامەونووس و نووسەر و ڕۆشنبیرانەی کوردستان دەکەینەوە کە بە بیر و بەرهەمەکانیان ، خزمەتێکی زۆری زمان و ڕۆشنبیریی کوردیی و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانیان کرد و گیانیان لەم پێناوەدا بەخت کرد".



AM:10:34:22/04/2023