بەندکراوێکی کورد و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ئەشکەنجە و بەهۆی لێدانی هێزە ئهمنییەکان، لە بەندیخانەی تارانی گەورە گیانی لهدهستدا.
بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی دووشەممەی ڕابردوو بەندکراوێکی کورد بە ناوی سامان دەروێشی تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان، لە تیپی دووی هێزەکانی بەندیخانەی تارانی گەورە، بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی هێزە ئهمنییهكانی ئێرانەوە گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی رێكخراوی مافی مرۆڤی ههنگاو، بەهۆی بریندارکردنی ئەندامێکی هێزە ئهمنییهكان لە کاتی دەستگیرکردنی سامان دەروێشی، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا چەندین جار لەلایەن ئەو هێزانەوە ئەشکەنجە دراوە و جارێکیش هەر بەم هۆکارەوە چووەتە کۆما.
بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوەکە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا لانی کەم ١٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە کە ١١ بەندکراویان کورد بوون.