هاتوچۆی سلێمانی دەربارەی ئەو ئامارەی سەبارەت بە کامێراکانی چاودێری بڵاوکرایەوە ڕوونکردنەوە دەدات

هاتووچۆی سلێمانی دەربارەی ئەو ئامارەی سەبارەت بە کامێراکانی چاودێری خێرای بڵاوکرایەوە ڕوونکردنەوە دەدات و دەڵێت" وەک تۆمارکردنی سەرپێچییەکان ئامارەکە دروستە، بەڵام لە ماوەی (٢٤) کاتژمێردا نییە بەڵکو لە سەرەتای دەست بەکاربوونی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەوە بووە". 

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە دەکات" شەوی ڕابردوو ئامارێک بڵاوکراوەیەوە کە گوایە لە ماوەی (٢٤) کاتژمێردا زیاتر لە (٣٨٥.٠٠٠) سێ سەد و هەشتاو پێنج هەزار سەرپێچی تۆمارکراوە، وەک تۆمارکردنی سەرپێچییەکان ئامارەکە دروستە بەڵام لەماوەی (٢٤) کاتژمێردا نییە بەڵک و لە سەرەتای دەست بەکاربوونی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەوە بووە و بەشێوەی تێست بووە". 

دەشڵێت" هیچ کام لەو سەرپێچییانەی کە تۆمار کراون و دەکرێن لەلایەن کامێراکانی چاودێری خێرای پۆینت تو پۆینت لە ڕێگای تاسڵووجە - دووکان هەژمار ناکرێت لەسەر هیچ شۆفێرێک (واتە وەک و سزای دارایی نە لە هیچ شۆفێرێک سەندراوەو وە نە دەسەندرێت)، چونکە لە قۆناغی تێستدایە تا ڕێکەوتی ٢٩ی ئەم مانگە کە دەکاتە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو سەعات ٠٨:٠٠ ی بەیانی هیچ سزایەک لەسەر هیچ شۆفێرێک هەژمار ناکرێت و لە دوای ئەم ڕێکەوتەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە شێوەیەکی کرداری، وە ئەو شیکارییانەی لە هەندێک پەیج و ماڵپەڕ کراون دوورە لە ڕاستییەوە".  

ئەوەش هاتووە" ئەو هەڵەیەی کە ڕوویداوە لە پێدانی زانیاری بووە لەلایەن فەرمانبەری بەشی ئاماری کۆمپانیای جێبەجێکاری کامێراکان، واتە ئاماری سەرپێچییەکان تەنها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا نەبووە بەڵکو بە درێژایی تێستی کامێراکان بووە لە ساڵی پارەوە تا ئێستا و هەژمار نەکراوە لەسەر هیچ شۆفێرێک". 


AM:10:57:23/05/2023