سەرژمێریکردنى دانیشتوانى عێراق دواخرا

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی بۆ ساڵی داهاتوو دواخست و رایگەیاند، "هۆکاری دواخستنی سەرژمێری بەهۆی کەمی کاتەوە بوە".

ماهر حەمەد جوحان، بریکاری وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، "وەزارەتەکەی ناتوانێت سەرژمێری گشتی لە کاتی دیاریکراودا لە ئەمساڵ ئەنجامبدات، هۆکارەکەشی بۆ دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە دەگەڕێتەوە".

وتیشی: "وەزارەتی پلاندانان وادەیەکی نوێی دیاریکردوە کە هیوادارە پرۆسەکانی سەرژمێری دەستپێبکات، کە دەکاتە ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتوی ٢٠٢٤، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییە تەکنیکییەکان بۆئەو مەبەستە".

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی دانیشتوان، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی وەزارەتی پلاندانان، گەیشتوەتە ٤٣ ملیۆن کەس، رێکارەکانی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریش چەند مانگێکیان پێویستە.

عێراق دوایین سەرژمێری دانیشتوانی لە ساڵی ١٩٨٧ ئەنجامدابو، بە بەشداریی سەرجەم پارێزگاکان، دواتر سەرژمێری ساڵی ١٩٩٧ی ئەنجامدا کە جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پارێزگاکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق تێیدا بەشداربون.


PM:03:38:30/05/2023