ئەژی ئەمین لە یادی دامەزراندنی یەکێتی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

کەمێک پێش ئێستا ئه‌ژی ئه‌مین لە ساڵیادی (٤٨)هەمین دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و دەڵێت" لەم ڕۆژانەدا هەرێمی‌ کوردستان بە بارودۆخێکدا تێدەپەڕێت کە هەوڵی‌ نەزۆک هەن بۆئەوەی‌ ئەزموونی‌ هەرێم بخرێتە مەترسییەوە". 

ئەژی ئەمین سەرۆكی پێشووی دەزگای زانیاری یەكێتی، ئەمشەو چوارشەممە ٣١ی ئایاری ٢٠٢٣ پەیامێکی پیرۆزبای بە بۆبەی یادی دامەزراندی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" لەم ڕۆژانەدا هەرێمی‌ کوردستان بە بارودۆخێکدا تێدەپەڕێت، کە هەوڵی‌ نەزۆک هەن بۆئەوەی‌ ئەزموونی‌ هەرێمی‌ کوردستان بخرێتە مەترسییەوە، بەشێوەیەک کە نەتەوەکەمان لەسەروەری‌ خاک و هەنگاو بۆ سەربەخۆییەوە بەرەو پەرت و پەرتەوازەکردن و دابەشکردنی‌ بەسەر چەند پارێزگایەکدا خۆی‌ ببینێتەوە". 

دەشڵێت" هەرکەس و لایەنێک پشتگیری‌ لە مامەڵەی‌ ڕاستەوخۆی‌ بەغدا لەگەڵ پارێزگاکاندا بکات، خەونی‌ داگیرکەران و دوژمنانی‌ ئەم نەتەوەیە دەهێنێتەدی‌، لە بنەڕەتیشدا دژایەتی‌ دروشم و ئامانجە باڵاکانی‌ یەکێتی‌ دەکات". 

ئەژی ئەمین لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەش دەکات" گومانی‌ تێدانیە یەکێتیە راستەقینەکان و خەباتگێڕە نەبەردەکانی‌ کورد هیچ کات خۆیان ناخەنە بەرەی‌ خیانەت لە نەتەوەکەیان". 

پەیامەکەی ئەژی ئەمین لە کاتێکدایە، ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە ئەژی ئەمین گەڕایەوە شاری سلێمانی و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی ئێستای یەكێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبووەوە. 


PM:10:52:31/05/2023