دواى بڕیاره‌كه‌ى دادگاى هه‌ولێر
بافڵ تاڵه‌بانى خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش به‌ بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر کرد

دواى بڕیاره‌كه‌ى دوێنێى دادگاى هه‌ولێر، ئه‌مڕۆ بافڵ تاڵه‌بانى خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش به‌ بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر کرد و ڕایگەیاند" لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت". 

بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی، ‏‎لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتی دژەتیرۆر پلان و ستراتیژی هەواڵگری و سەربازی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ پاراستنی هەرێم، روبەڕوبونەوەی تیرۆر و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقییەکان و هاوپەیمانان خستەڕوو و جەختی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن و هەوڵەکانیان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ‏‎بافڵ تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەکانی دژەتیرۆر کرد وەک یەکەمین هێزی دژەتیرۆر لە کوردستان و هەوڵەکانیان لە پێناو روبەڕوبونەوەی تیرۆریستان و شکستپێهێنانی چەندین پیلان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم، وتی، ئێوە نمونەی فەرماندەی دڵسۆز و بە ئەمەکی کوردستانن و مێژویەکی پڕ لە شانازیتان تۆمارکردوە، چالاکییەکانتان لە پێناو پاراستنی سەقامگیری هەرێم و خەڵکە خۆشەویستەکەی، گەواهیدەری دڵسۆزی و ماندونەناسی ئێوەیە".

‏‎وتیشی" لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت تاوەکو قەڵغانێکی پتەوتر بن بۆ پاراستنی کوردستان".

دوێنێ بنەماڵەی هاوكار جاف لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بەوەکرد" لەسەر بڕیاری دادگای كەتنی هەولێر، دەربارەی كەیسی شەهیدكردنی ئەندامی بنەماڵەكەمان شەهید عقید هاوكار جاف كە لە ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو تیرۆركرا ئەو تۆمەتبارانەی لای خوارەوە بە غیابی حوكمی اعدامییان بۆ دەرچوو".

هەروەها لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژەی بەم ناوانە كردووە" وەهاب مجید باقی، كارزان محمد رەشید، وریا خالد علی، عاسی رشید حوسین، عمار فەیسەل، لوئەی محمد رزا ، بولا ناسراوه به (تایگەر)، لەشكر محمد حسن، دلشاد زیاد احمد".


AM:11:02:05/06/2023