هەوڵی تیرۆركردنی ماكرۆن شكستی هێنا

پۆلیسی فەرەنسا چالاکوانێکی توندڕەوی دەستگیرکرد، کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت هەوڵی تیرۆرکردنی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای دابێت.

ڕۆژنامەی (پاریسیان)ی فەرەنسی لە وتارەکەی ئەمڕۆ شەممەدا ڕایگەیاندووە، "ئەو چالاکوانە چەپی توندڕەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کراوە و ئێستا لە زینداندایە، تۆمەتبارە بەوەی کە لە مانگی نیساندا هەوڵی تیرۆرکردنی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆمار ی داوە”.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە باس لە ڕووداوێک دەکات کە لە ٢٧ی نیسان لە سەردانەکەی سەرۆکی فەرەنسا بۆ ناوچەی دوو بە بۆنەی ١٧٥ ساڵەی هەڵوەشاندنەوەی کۆیلایەتی لەو وڵاتە ڕوویداوە. هەواڵی بەشداریکردنی ماکرۆن لە میدیاکان بڵاوبووەوە و نەیارانی سیاسەتەکانی ماکرۆن بەتایبەت چاکسازی لە خانەنشینی یەکسەر کۆبوونەوە. خۆپیشاندەران هەوڵیاندا گەمارۆی ئەمنی بشکێنن، ئەمەش پۆلیسەکانی ناچارکرد گازی فرمێسکڕێژ بەکاربهێنن.

دوای کۆتایی هاتنی چالاکییەکە، چالاکوانێکی چەپ تەمەن ٢٠ ساڵ لەکاتی ڕۆشتنی ماکرۆن بۆمبێکی دوکەڵی ئاراستەی کۆپتەرەکە کرد. لەکۆتایی لێکۆڵینەوەکاندا ناسنامەی تاوانبارەکە دیاریکرا، دوای ئەوە لە ماڵەکەی خۆیدا ڕاگیرا و خراوەتە ژێر دەستگیرکردنەوە. لای خۆیەوە داواکاری گشتی دژەتیرۆر سێ تۆمەتی ئاڕاستە کرد ئەوانیش: هەوڵدان بۆ لەناوبردنی هەلیکۆپتەرێکی سەربازی، هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ئەو سەربازانەی کە لەناو کۆپتەرەکەدا بوون، هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی سەرۆکی دەوڵەت.

هاوکات تاوانبارەکە لەبارەی هەوڵەکەیەوە دەڵیت ” بەم شیوەیە دەمەوێت ماکرۆن تێبگات کە هاوڵاتیانی ئەم شارە لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەودا نین”.


PM:07:00:17/06/2023