ئەو دوو تۆمەتبارەی بە تاوانی کوشتنی بەرپرسەکەی میت گیراون، مانیان گرتووە

میدیاکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان بلاویانکردەوە "مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەر، کە لەلایەن پەدەکەوە لە هەولێر زیندانی کراون، بەهۆی ڕەتکردنەوەی سەپاندنی  جلی یەکپۆشی زیندانەوە، ٣٣ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە."

ڕۆژی دووشەممە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ میدیاکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان  ڕایانگەیاند،"داغ  و ئەر، لە زینداندا دژی پێشێلکردنی مافەکانیان و ئەشکەنجەدانیان، لە ۲۸ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ دا دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردبوو، بەڵام بە هۆی ئەوەی داواکەیان پەسەندکرا، دوای ١٤ڕۆژ دەستیان لە مانگرتن هەڵگرت".

ئامەژەشیان بەوەکردووە، بۆ جاری دووەم داغ و ئەر، لە دژی پێشێلکردنی مافەکانیان لە زینداندا، لە ١٣ی فەبروەری٢٠٢٢ەوە، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کرد تا مردن، لە پاش نۆ ڕۆژ کە داواکارییەکەیان جێبەجێ کرا کۆتاییان بە چالاکییەکەیان هێنا.

ئەم دوو کوردە وڵاتپارێزەی خەڵکی باکووری کوردستان، لە ئێستادا بۆ جاری سێیەم لە دژی سەپاندنی جلی یەکپۆشی زیندان، ماوەی ٣٣ ڕۆژە مانیان لە خورادن گرتووە و هیچ زانیارییەک لە بارەی دۆخی تەندروستیانەوە نییە.

لە ۱۷ی جوولای ۲۰۱۹، عوسمان کۆسە گەورە بەرپرسی میتی تورکیا، لە هەولێر کوژرا، دوای ئەم ڕووداوە پەدەکە مەزڵوم داغ و عەبدولڕەحمان ئەری بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کەسە دەستگیر و سزای لەسێدارەدانی بەسەریاندا سەپاند.



PM:10:43:19/06/2023