یەكێتی لاوان: هەوڵی تیرۆركردنی كادیرێكمان دراوە


یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە قەزای چەمچەماڵ هەوڵی "تیرۆركردنی" كادیرێكیان دراوە.( رێکخراوی لاوانی سەر بە پارتی یە).

یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، "سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە لە رووداوێكی تیرۆریستیدا دەسترێژی گولە لە كادرێكی ناوەندی باڵای چەمچەماڵ سەر بە یەكێتیەكەمان كرا  بەناوی (سەرهەنگ ئەنوەر) و لەلایەن دەستێكی ڕەش و نەناسراو هەوڵی تیرۆركردنی دەدرێت".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "وێڕای ئیدانە و شەرمەزاركردنی ئەو رووداوە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگاكانی ئاسایش و ئیدارەی شاری چەمچەماڵ دەكەین بەزووترین كات بكەر و داڕێژەری ئەو پیلانە ئاشكرا بكرێت و بدرێتە دادگا، لەئەگەری كەمتەرخەمی و هێنانەوەی پاساو ئێمە لە یەكێتی لاوان هەڵوێستی جدی و مەدەنیانە دەگرینە بەر بۆ پاراستنی گیان و شكۆی هەر كادرێك و ئەندامێكی لاوان لەهەر جێگایەك بێت".

هەروەها وتویانە "جێگای باسە چەندین جارە كادرانی لاوان رووبەڕووی تەنگەژە و گێچەڵپێكردن و ڕەشبگیری و كۆتا جاریش تیرۆر دەبنەوە لەو سنورە، كاروانی خزمەتكردنی لاوانی كوردستان لای ئێمە بەردەوامە، بۆیە هیچ شتێك ڕامانناگرێت و نابێتە هۆكاری ترساندن و تۆقاندمان".



PM:11:47:20/06/2023