ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات

باڵیۆزی عێراق لە قەتەر ڕایگەیاند، بڕیارە سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی بەغدا بکات و دواتر بێتە شاری هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم باس لە دۆسیەی هەناردەی نەوت بکەن و دەشڵێت، "تا ئێستا کاتی سەردانەکە دیارینەکراوە."

عومەر بەرزنجی باڵیۆزی عێراق لە قەتەر بە میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، "بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق".

باڵیۆزی عێراق لە قەتەر ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوای بەغدا سەرۆک کۆماری تورکیا دێتە شاری هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبێتەوە چەند پرسێکی گرنگ تاوتوێ دەکەن ودەشڵێت، "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم یەکێک دەبێت لەو دۆسیانەی کە گفتوگۆی لە بارەوە دەکرێت".

لە ئێستادا گفتوگۆکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و هەلێر لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەردەوامە، رۆژی ١٩ ئەم مانگە شاندێکی عێراق و تورکیا لە بەغدا کۆبوونەوە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.

لەو بارەیەوە سەباح سوبحی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق  ڕایگەیاند،" کۆبوونەوەی شاندی عێراق و تورکیا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەغدا بەڕێوەچووە"

وتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا دوایین ڕێکار و وردەکارییەکان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم تاوتوێ کراوە"

 


PM:06:37:24/06/2023