کۆمیته‌ی داکۆکی له ماف و ئازادییه‌کان له هه‌رێمی کوردستان له پانزه‌هه‌مین ساڵرۆژی تیرۆرکردنی سۆرانی مامه حه‌مه‌دا داوای دۆزینه‌وه و دادگایی‌کردنی بکوژانی ده‌کەن.
کۆمیته‌ی داکۆکی له ماف و ئازادییه‌کان له هه‌رێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ ماڵپەڕی (سپی) نێردراوە ئاماژە بەوە دەکەن" وه‌ک هه‌موو ده‌زانین پانزه ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له رێکه‌وتی ئێواره‌ی ٢١/٧/٢٠٠٨ دا چالاکوان و رۆژنامه‌نوسی بوێر کاکه سۆرانی مامه حه‌مه له‌لایه‌ن چه‌ند چه‌کدارێکه‌وه له به‌رده‌م ماڵی خۆیاندا له شاری که‌رکوک تیرۆر کرا، زانیارییه سه‌ره‌تاییه‌کانی پاش روداوه‌که باسیان له‌وه کرد که چوار که‌س که ئۆتۆمبیلێکی جۆری بی ئێم ده‌بلیوی ره‌شیان پێ بووه ناوبراویان بانگکردۆته به‌ر ده‌رگای ماڵه‌که‌یان و چه‌ند فیشه‌کێکیان پێوه ناوه و پاشتر هه‌ڵاتون، سه‌یر ئه‌وه‌یه تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت پۆلیسی که‌رکوک هیچ زانیارییه‌کی له‌باره‌ی لێکۆڵینه‌وه له‌و تاوانه رانه‌گه‌یاند که ئه‌مه که‌مته‌رخه‌می و بێده‌ربه‌ستی ئه‌وان ده‌گه‌یه‌نێت".
دەشڵێن" به ئامانجگرتن و تیرۆرکردنی شه‌هید سۆران جگه له‌وه‌ی کارێکی دژ به یاسا و داد و مرۆڤایه‌تیی بوو، هاوکات زه‌نگێکی ترسناکی تر بوو، که دواتر تیرۆکردنی سه‌رده‌شت عوسمان، کاوه گه‌رمیانی، وه‌دات حوسێن و شوکری ڕێکانی هه‌روه‌ها زیندانیکردنی چه‌ندان چالاکوان و رۆژانامه‌نوسانی تری وه‌ک شێروان شێروانی، گوهدار زێباری و ئەیاز کەرەمی به‌دوای خۆیدا هێنا، ئاشکرایه که تیرۆر و تۆقاندن هیچ کات چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ناکات و گه‌ر تۆزقاڵێک ئه‌و که‌س و لایه‌نانه‌ی له پشت ئه‌و کاره‌وه‌ن بروایان به یاسا و داد و دادوه‌ریی هه‌بوایه، ده‌بوو سکاڵایان له‌سه‌ر تۆمار بکردایه و ده‌رگای دادگایان لێ بگرتایه، به‌وه‌شدا روداوه‌كه له گه‌ڕه‌كی شۆریجه بوو، كه گه‌ڕه‌كێكی كوردی بوو، زیاتر گومان له‌سه‌ر لایه‌نێکی کوردی ده‌کرێت له کاره‌که‌دا، پێویست بوو پۆلیسی كه‌ركوك، که ئه‌وکات له ژێر هه‌ژموونی دوو حزبه باڵاده‌سته‌که‌ی باشوردا بوو، بێ هیچ سڵكردنه‌وه‌یه‌كی سیاسی، ئه‌م كه‌یسه له موساوه‌ماتی سیاسی به دور بگرێت و بكوژان ئاشكرا بكات".
ئەوەش هاتووە" عه‌مید سه‌رحه‌د قادر به‌رێوبه‌ری ئه‌وکاتی پۆلیسی قه‌زا و ناحیه‌کان له پارێزگای که‌رکوک که یه‌کێک له ئه‌ندامانی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه بوو، کاتی خۆی رایگه‌یاند، که سه‌ره‌داویان ده‌ستکه‌وتوه، به‌داخه‌وه دواتر بێده‌نگی لێ‌کرا، ئێمه داواکارین له ناوبراو، که ئێستاش سه‌ره‌داوه‌کان ئاشکرا بکرێن. جگه له‌مه پاش نزیکه‌ی ٢٠ رۆژ له کاره‌ساته‌که، سه‌رۆكی هه‌رێمی ئه‌وکات (مه‌سعود بارزانی) چووه كه‌ركوك و له میانه‌ی وه‌ڵامی سه‌رۆكی لقی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان ده‌رباره‌ی تیرۆركردنی شه‌هید سۆران، سه‌رۆكی هه‌رێم وتی: ده‌بێت تیرۆر له فه‌رهه‌نگی كوردیدا نه‌مینێت، واته به زمانی خۆیان دانیان نا به‌وه‌ی تیرۆركردنه‌كه كوردییه".
کۆمیته‌ی داکۆکی له ماف و ئازادییه‌کان لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ڕاشیانگەیاندووە" ده‌زگای ئاسایش و ئیداره‌ی ئه‌وکاتی که‌رکوک به لێپرسراوی یه‌که‌م ده‌زانین له‌و کاره، که تا ئێسا هیچ سه‌ره‌داوێکیشیان له‌باره‌ی ئه‌و تاوانه‌وه ئاشکرا نه‌کردوه که به ئه‌گه‌رێکی زۆر و به پێی قسه‌ی که‌سوکار و هاورێیانی حزبێکی کوردی ده‌سته‌ڵاتدار له پشت تیرۆرکردنیه‌وه‌یه‌تی، هاوکات داوا له داموده‌زگاکانی پۆلیس و ئاسایشی هه‌رێم و پارێزگاری که‌رکوک ده‌که‌ین که شێلگیرانه هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی تاوانکاران بده‌ن و راده‌ستی داد و یاسایان بکه‌ن".
سۆرانی مامه حه‌مه ساڵی ١٩٨٧ له‌گه‌ڕه‌كی ره‌شید ئاوای شاری كه‌ركوك له‌دایكبووه، هه‌ر له‌و شاره قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی ته‌واو كردووه و چووه‌ته به‌شی مۆسیقای په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی كه‌ركوک، هه‌روه‌ها کاری رۆژنامەنووسی کردووە و به‌رپرسی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی گۆڤاری لڤین بووه.
سۆران مامە حەمە لە ٢١ی تەمموزی ٢٠٠٨ لە بەردەم ماڵی خۆیدا له كه‌ركوك "تیرۆركرا" کە ئه‌و رووداوه‌ش كاردانه‌وه‌ی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه به دوای خۆیدا هێنا.
کەیسی سۆرانی مامە حەمە تا ئێستا بەکراوەی ماوەتەوە و سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە، بەڵام تا ئێستا تاوانباران دەستگیرنەکراون.