بەغداد بە نوسراو هەرێم ئاگادار دەکاتەوە بۆ بڕینی بەشەخۆراک

لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢دا وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری دا بەشە خۆراکی مانگانەی سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە ببڕێت، کە مووچەیان لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دینار زیاترە، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا و دواتر بۆ دوو ملیۆن دینار زیادکرا.

سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر ڕیاگەیاند، "مانگێک زیاترە بەغدا نووسراویان کردووە و داوا دەکەن ئەو کەسانەی کە مووچەیان لە دوو ملیۆن دینار زیاترە بەشە خۆراکی مانگانەیان ببڕدرێت، بەڵام بەهۆی کارکردن لە سیستمی بەدیجیتاڵکردنی پسوولەی خۆراک، تائێستا کاری پێ نەکراوە و بەنیازن لەگەڵ تەواوبوونی ئەو سیستمە کار بەو بڕیارە بکەن، چونکە کارەکانیان ئاسانتر دەکات.

بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێرباسی لەوەشکرد، ئەو کەسانەی کە بەشە خۆراکیان بڕدرا و مووچەیان ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار دینار بوو، دەتوانن پسوولەی خۆراکەکانیان و پشتگیری لە فەرمانگەکەی خۆیان بهێنن و ناویان زیاد دەکرێتەوە.


PM:04:02:18/07/2023