راگەیاندنی یەکێتی: دووبارە سزدانەوەی شێروانی لادانە لە پرنسیپەکانی ئازادی

مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەى دووبارە سەپاندنى سزاى چوار ساڵى دیکە زیندانی بەسەر شێروان شێروانى ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی لەلایەن دادگاى هەولێرەوە ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت" بڕیارەکە لادانە لە پرنسیپەکانی ئازادی".

مەکتەبی ڕاگەیاندنی یەکێتی لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ هەینی ٢١ی تەمووزی ٢٠٢٣ بڵاویکردەوە" پاش ئەوەی دادگای کەتنی ھەولێر بۆ جاری دووەم ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی بە چوار ساڵ زیندانی حوکمدا، وادەکات جارێکی دیکە ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی سەدان نیشانەی پرسیار لەسەر ئازادی وتن و ئازادی ڕەخنە و بڵاوکردنەوە لە کوردستان دروست بێت". 

ڕاشیگەیاندووە" سزادانەوەى شێروان شێروانى بۆ جارى دووەم وادەکات دیسانەوە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و ڕاپۆرتی ڕێکخراوە تایبەتەکان بە مافی مرۆڤ و رۆژنامەگەری وەك جارانی تر ژینگەی ئازادی ھەرێمی کوردستان بە ترسناک لە قەڵەم بدەنەوە و لەوەشدا بوختانیان نەکردووە". 

ئەوەش خراوەتەڕوو" لە کاتێکدا دەتوانرا لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکانی کوردستاندا و یاسای ڕۆژنامەگەریدا ئەو دادگاییە بەڕێوە بچووبایە، ئەگەرچی ھەر لە بنەڕەتیشدا نووسین و بڵاوکردنەوە تاوان نییە تا حوکمی زیندانی لەسەر بدرێت، ئومێدی هەموومان وابوو و وایە چیتر دادگاکان نەکەونە ژێر کاریگەری و گوشاری فەزای سیاسی و دەرچەیەک بھێڵنەوە بۆ وتن و ڕەخنە تا لەمە زیاتر ناو و ناوبانگی ئازادی بڵاوکردنەوە لە ھەرێمەکەمان ناشیرینتر نەبێت". 

لە کۆتای بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ئەهلی قەڵەم و چالاکانی مەدەنی و دیموکراتی لە کوردستانێک شانازی بە ئازادی و ئارامییەکەیەوە دەکا شایانی ئازادی و ڕێزگرتنن نەک زیندان و کۆت و بەند". 

دوێنێ دادگای هەولێر لەسەر دوو تۆمەت سزای چوار ساڵی دیکە زیندانى بەسەر شێروان شێروانیدا سەپاند و ئەوەش کاردانەوەی بە دواى خۆیدا هێنا.


PM:03:31:21/07/2023