"لە شەش مانگی ڕابردوودا ٩ ڕۆژنامەنووس بەهۆی هەڕەشەوە هەرێمی كوردستانیان بەجێهێشتووە"

تیمی کوردستان_ عێراقی ڕێکخراوی سی پی تی ڕایدەگەیەنێت" هەرێمی کوردستان شوێنێکی ئازاد نییە بۆ ڕۆژنامەنووسان و سیستەمی دادوەریش لە هەرێمی کوردستاندا سەربەخۆ نییە، بەڵکو حزبە سیاسیەکان بە تەواوەتی دەستێوەردان دەکەن لە کەیسەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە دادگاکاندا". 

کامەران عوسمان ڕێکخەری مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" بەهۆی هەڕەشەوە، تەنها لە شەش مانگی ڕابردوودا ٩ ڕۆژنامەنووسی سەربەخۆ هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە، لەو ژمارەیە سیانیان لە پارێزگای سلێمانی، یەک دانە لە پارێزگای هەولێر و پێنجیشیان لە پارێزگای دهۆک بوون". 

وتیشی" دوو ڕۆژنامەنووسیان ژنن و حەوت ڕۆژنامەنووسەکەی تریش لە ڕەگەزی نێرن". 

دەشڵێت" زۆربەی ڕۆژنامەنووسەکان لە لایەن بەرپرسانی حکومی و سەربازیەوە لە ڕێگەی تەلەفۆن، هەڕەشەی کوشتن و دەستدرێژی و ئیغتیسابیان لێکراوە، سیانیشیان لە دادگا سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمار کراوە، بۆیە ڕۆژنامەنووسەکان وڵاتیان بەجێهێشتووە، هەر بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤمان لە هەرێمی کوردستان لە دۆسیەکان ئاگادار کردوونەتەوە". 

پێشتر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی هەرێم، ڕایگەیاندبوو" ئازادیەکان لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە کابینەی نۆیەم بەرەوپێشچوونێکی ئێجگار زۆری بە خۆیەوە بینیوە، ئەمەش بە داتاو ئامار". 


AM:11:31:24/07/2023